رووداو جۆر و چۆنیەتی تەقینەوەی بۆمبە چیندراوەکانی داعش ئاشکرا دەکات


رووداو - سلێمانی - ئەنبار

چەکدارانی رێکخراوی داعش تەکتیکی دانانەوەی بۆمب بۆ رێگریکردن لە پێشکەوتنەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بەکاردەهێنن و، رووداو جۆر و چۆنییەتی تەقینەوەی ئەو بۆمبانە ئاشکرا دەکات.


دوو ئەفسەری گەورە لە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند " چەکدارانی داعش چەندین رێگا بۆ چاندنی بۆمب بەکاردەهێنن بۆئەوەی رێگا لە پێشڕەویکردنی هێزەکانی پشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییە هاوبەشەکانی عێراق بگرن، لەو ناوچانەی کە لەگەڵ داعش رووبەڕوو دەبنەوە".

ئەو دوو ئەفسەرە کە نەیانویست ناویان بڵاوبکرێتەوە، بەم شێوەیە جۆر و چۆنییتی تەقینەوەی بۆمبەکانیان بۆ (رووداو) ئاشکرا کرد:

1 - راستە: لە دوو رووی کانزایی پێکهاتووە بە پارچەیەک چەرم لەیەکدی جیادەکرێنەوە کە سەرەکانیان بە وایەر بەستراون, کاتێک بە پێ یان تایەی ئۆتۆمبێل بەسەری دەکەون دەتەقێتەوە.

2 - بۆمبی شلکردنەوە: وەکو ئەو بۆمبانەی کە کاتێک دەرگای ژوورێک لەمیانەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکاندا دەکرێتەوە، دەتەقێتەوە ئەو بۆمبە بە وایەرێک بە دەسکی دەرگا دەبەسترێت و کاتێک دەرگاکەش پاڵی پێوەدەنرێت، دەتەقێتەوە.

3 - بۆمبی تووندکردن: ئەم بۆمبەش پێچەوانەی بۆمبی شلکردنە، لەکاتی راکێشانی ئەو شتەی کە وایەری بۆمبەکەی پێوە بەستراوە دەتەقێتەوە، بۆ نمونە وەکو بۆمبڕێژکردنی قورئان تاوەکو لەکاتی هەڵگرتنی قورئانەکەدا بۆمبەکە رابکێشرێت و بتەقێتەوە.

4 - تەڵەی گەمژەکان: ئەو ناوەی لێنراوە، چونکە لە بێئاگایی کەسەکان دەتەقێتەوە، وەکو ئەو ماددە سەیرانەی کە سەرنجی خەڵکی رادەکێشن و، بەهۆیانەوە کەسەکە بەبێئاگایانە بەرەووڕووی دەچێت و پێیدا دەتەقێتەوە.

5 - بۆمبی دوانی یان سیانی: ئەمەش پێکهاتووە لە بۆمبێک یان زیاتر کە لەژێر بۆمبێکی دیکە چێندراوە، کاتێک ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بۆمبەکەی سەرەوە پووچەڵدەکاتەوە بۆمبەکە یان بۆمبەکانی دیکە کە لەژێرەوەی دانراون، پێیدا دەتەقنەوە.

6 - مینی ڤالمارا: ئەو جۆرە مینەیە کە تانک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان دەکاتە ئامانج، لەکاتێکدا تایەی ئەو ئۆتۆمبێلانە بەسەری دەکەون، دەتەقنەوە.

7 - مینی ڤی ئێکس (VX): ئەو مینە لە دژی خەڵکی لەسەر زەوی دادەندرێت ئەوانەی بەسەری دەکەون ئەندامەکانی جەستەیان دەپەڕێت.

8 - بۆمبی لکاو: ئەو بۆمبانە بە ژێرەوەی ئۆتۆمبێل یان پشتێنی بۆمبڕێژکراوەوە دەبەسترێن، کاتێک پەنجە بە دوگمەی کارکردنەکەی دەنرێت، دەتەقنەوە.

9 - بۆمبی زەوی کە بەهۆی کاتدانانەوە یان پەیوەندیکردنەوە تەقێتەوە: ئەم جۆرە بۆمبانە بە مۆبایل دەبەسترێنەوە یان بەپێی ئەو کاتەی بۆیان دانراوەتەوە دەتەقنەوە، هەندێک جاریش کاتێک لە مۆبایلێکی دیکەوە پەیوەندی بەو مۆبایلەوە دەکرێت دەتەقنەوە.

10 - بۆمبڕێژکردنی تەرم و کەلاکی گیانداری مرداربووەوە: زۆرجار داعش پەنادەباتەوە بەر ئەم جۆرە بۆمبڕێژکردنە، تەرم و کەلاکی گیانداری مردارەوەبوو بۆمبڕێژدەکەن، کاتێک هێزە ئەمنییەکان تەرمەکان دەجووڵێنن پێیاندا دەتەقێتەوە.

11 - بۆمبڕێژکردنی مەڕ، پشیلە، گوێدرێژ، سەگ و تەنانەت مریشکیش: چەکدارانی داعش بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان گومانیان نەبێت پەنایان بردووەتە بەر ئەم جۆرە بۆمبڕێژکردنانە، هەندێک جار ژمارەیەکی زۆر مەڕ رەوانەی ئەو شوێنانە دەکەن، کە هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدەدەن بۆ ئەوەی بەسەر بۆمبەکاندا بکەون و بە هێزە ئەمنییەکاندا بتەقنەوە.

12 - بۆمبڕێژکردنی قەفەسی گیاندارەکان: ئەم رێگایە جیاوازە لە رێگای پێشووتر، چونکە چەکدارانی داعش لەم رێگایەدا قەفەسەکە بۆمبڕێژ دەکەن بۆ ئەوەی بەو کەسەدا بتەقێتەوە کە دەرگای قەفەسەکە دەکاتەوە و دەیەوێت گیاندارەکەی ناوی ئازاد بکات.

ئەو دوو ئەفسەرە ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی ئەو بۆمبانە لەنێو کۆنتێنەری گەورە دادەندرێن، تاوەکو بڕێکی زۆر ماددەی تەقەمەنییان تێدا جێببێتەوە و زۆربەی جارەکانیش دەیشارنەوە ئینجا لەژێر زەوی بێت یان لە سەرەوەی.