بچووکترین کوڕی ماڵێک لە نەجەف دایک و باوک و برایەکی دەکوژێت

 
رووداو - نەجەف

لە ساتێکی هەڵچوون و توڕەبووندا، خێزانێک بە تەواوی کوژانەوە، تاوانبارەکەش بچووکترین کوڕی ماڵەکەیە، چیرۆکێک کە رای گشتی لە شاری نەجەفدا وروژاندووە.
 
ئەو خێزانە، نەیاندەزانی چارەنووسی گیانلەدەستدانیان لەسەر دەستی کوڕە بەنازەکەی خۆیان دەبێت، چیرۆکەکە بە دەمەقاڵەیەک دەستیپێکرد و بە لەنێوبردنی خێزانێک کۆتاییهات.
 
سەلام کازم خەیوون، برای بەخێوکەری خێزانە کوژراوەکە دەڵێت، "فیشەکی بە سکی خوشکەکەیەوە ناوە، دایکی و براکەی رایانکردووە بۆ ژووری پێشوازی و دەرگایان لەسەر خۆیان داخستووە، خوشکەکەی بە برینداری رایکردووەتە سەربان و محەممەد چووەتە لای دایکی و براکەی بۆئەوەی رازییان بکات دەرگاکە بکەنەوە و پێی گوتوون ئەوەی روویدا هەڵەیەک بووە و پێویست بە ترس ناکات، هەروەها پێی گوتوون وەرنە دەرەوە بۆ رزگارکردنی خوشکەکەم، لەبەرئەوەی خوێنی لەبەر دەڕوات، دایکەکە باوەڕی پێکردووە و دەرگاکەی کردووەتەوە، دەستبەجێ لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکەدا، فیشەکێکی ناوە بە دەموچاویەوە کە لە سەریەوە دەرچووە. براکەی ویستوویەتی چەکەکەی لێبستێنێت، کەچی تاوانبارەکە سێ فیشەکی بە سنگیەوە ناوە و دواتر تەلەفۆنی بۆ باوکی کردووە کە لە دەرەوە بووە، پێی گوتووە لە کوێیت؟ باوکەکە وەڵامی داوەتەوە: من لە رێگەم بەرەو ماڵەوە، هەندێک کەلوپەلم بۆ هێناون. کاتێک باوکەکە هاتووەتە ژوورەوە و بە کلیلی خۆی دەرگای کردووەتەوە و خۆی نووشتاندووەتەوە بۆئەوەی پێڵاوەکانی دابنێت، هەر هێندەی سەری بەرزکردووەتەوە، تاوانبارەکە دوو فیشەکی ناوە بە سنگیەوە و دەستبەجێ کوشتوویەتی".
 
برای تاوانبارەکە، باس لە هەڵسوکەوتە نائاساییەکانی براکەی دەکات لە ماوەی رابردوودا، بەرلەوەی تاوانەکە ئەنجام بدات.
 
ئەمیر حامید ئەلجەنابی، زڕبرای تاوانبارەکە دەڵێت، "بەپێی پەروەردەکردنی ئێمە بۆی و قسەکردنمان لەگەڵیدا، ئەوە محەممەدی برام نییە ئەو هەموو پیلانە دابنێت کە پێویستی بە چەندین مانگ هەیە، نەک رۆژێک و دوو رۆژ و دەستبەجێ دەست بە ئەنجامدانی تاوانەکەی بکات. بە بڕوای من لەو کارەدا کۆمەڵێک هاوبەشی هەبووە کە هانیان داوە بۆئەوەی خێزانەکەی بە تەواوی بکوژێت".
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەجەف باس لە سێ رووداوی تاوانکاریی هاوشێوە دەکات کە بە پاڵنەری جیاواز روویانداوە.
 
میقداد موسەوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی نەجەف رایگەیاندووە، "لە ماوەی رابردوودا، چەندین تاوان لەلایەن گەنجانەوە ئەنجامدراوە کە خێزانەکانی خۆیان دەکوژن، هەندێکیان لەژێر کاریگەریی هۆشبەردا ئەو کارە دەکەن و هەندێکی دیکەیان بە پاڵنەری دەروونی و هەندێکی دیکەش مێرمنداڵی و سەرەڕۆیی و چەندین هۆکاری دیکەش. بۆ زانین، ئەم بابەتە زۆر مەترسیدارە، تاوەکو ئێستا سێ رووداوی هاوشێوە روویانداوە، لەوانەش لە گەڕەکی وەفا گەنجێک خێزانەکەی خۆی کوشت و لە کوفە و ئەمەی ئێستاش لە گەڕەکی فورات. زانیارییە سەرەتاییەکان و راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوانبارەکە بەکاربەری هۆشبەر نەبووە، بەڵکو بەپێی قسەکانی خۆی، لەژێر گوشاری دەروونیدا بووە".