لە عێراق جامڕەشکردنى ئۆتۆمبێل بەیاسایی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە رێگەى هەموارکردنى یاساى هاتووچۆ، جامڕەشکردنى ئۆتۆمبێل بە پارە، لە عێراق بەیاسایی دەکرێت، ئەندامێکى لیژنەى خزمەتگوزارییەکانى پەرلەمان دەڵێت "ئەو هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەى ئەو دیاردەیە و دەستکەوتنى داهاتە."
 
بەگوێرەى پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى هاتووچۆى عێراق، کە 12ـی شوباتی 2024 پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرد، گۆڕانکارى لە بڕگەیەکدا دەکرێت، کە تایبەتە بە جامڕەشکردنى ئۆتۆمبێل.
 
لە هەموارەکەدا هاتووە؛ لەسەر جامڕەشکردن و دانانى پەردە، دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا ناگیرێت، کە لە رێگەى رێنماییەکانى وەزارەتى ناوخۆ و بەرامبەر بە پارە، رێگەیان پێدراوە. 
 
بەگوێرەى مادەى 25ـی یاسای هاتووچۆ، دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا دەگیرێت، کە جامەکانیان رەشکردووە یان پەردەیان داناوە، تاوەکو ئەو کاتەى ئەو دوو سەرپێچیە لادەدرێت، بەبێ ئەوەى ئاماژە بە رەزامەندیى وەزارەتى ناوخۆ بدات.
 
رۆژی 13ـی شوباتی 2024، سرووە زەنگەنە، ئەندامى لیژنەى خزمەتگوزارى و ئاوەدانکردنەوەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "پڕۆژەیاساکە لە لایەن حکومەتەوە نێردراوە و داواکاریی وەزارەتى ناوخۆیە، خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە و خوێندنەوە دووەم و دەنگدانى ماوە، کە ئەگەر هەیە لەگفتوکردندا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت."
 
پێشتر لە 27ـی تەمووزى 2023، وەزارەتى ناوخۆى عێراق رێنمایی تایبەت بە رێگەپێدان بە جامڕەشکردنى ئۆتۆمبێلى دەرکرد، بەرامبەر بە وەرگرتنى بڕێک پارە.
 
بەگوێرەى رێنماییەکان، پارەى رێگەپێدانى جامڕەشکردن بەپێى رێژەکەى دەگۆڕێت، کە 30% دەستپێدەکات تاوەکو 5% و، بڕى پارەکەى لەنێوان دوو ملیۆن و 500 هەزار بۆ پێنج ملیۆن دیناردایە.
 
سرووە زەنگەنە رایگەیاند، ئەو هەمووارە بۆ ئەوەیە جامڕەشکردنى ئۆتۆمبێل بەیاسایی بکرێت و لەو رێگەیەوە دیاردەکە کەم بکرێتەوە و تەنیا ئەو کەسانە جامى ئۆتۆمبێلەکانیان رەش بکەن، کە تواناى داراییان هەیە، ئەوە جگە لەوەى ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە داهاتێک بۆ دەوڵەت مسۆگەر بکات.