رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لە پابەندبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە دەکات و "داوا دەکەین عێراق بە زووترین کات کۆتایی بە پشتبەستن بە وزەی ئێرانی بهێنێت".
ئەو گوتەبێژە هەروەها رایگەیاند، "پێداچوونەوە بە هەموو ئەو دەستبەرداربوونانە دەکەین کە یارمەتی ئابووریی ئێران دەدەن".
عێراق بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای خۆی، پشت بە هاوردەکردنی گازی ئێرانی دەبەستێت.
عێراق لە ساڵی 2023دا بەپێی ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای وڵاتەکە، نزیکەی شەش ملیار دۆلاری بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران تەرخانکردووە بۆ دابینکردنی کارەبا.
بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەغدا ناتوانێت پارەی کاش بە تاران بدات، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، دەیخاتە هەژمارێکی بانکیی عێراقەوە و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان.
ئەمریکا ساڵانێکە داوا لە عێراق دەکات خۆی لە هەژموونی ئێرانی دراوسێی بتەکێنێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چیدیکە لە چوارچێوەی داواکاریدا نەمێنێتەوە؛ لەبری ئەوە بە سزا گوشار بخاتە سەر حکومەتی سوودانی.
لە ساڵی 2018ـەوە، ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ