پزیشکیان: تاوەکو هاوین 15 هەزار مێگاوات کارەبا زیاد دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیێنێت، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتەکەی چارەسەرکردنی کێشەی ناهاوسەنگیی وزەیە و پلانیان هەیە تاوەکو بەر لە هاوینی داهاتوو، 15 هەزار مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای گوڵستان، تیشکی خستە سەر کێشەی وزە لە وڵاتەکەیدا و رایگەیاند، دابینکردنی وزەی جێگیر بۆ کەرتی بەرهەمهێنان کاری سەرەکی و بەپەلەی حکومەتە.
سەبارەت بە دۆخی کارەبا لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەی، پزیشکیان گوتی: "لە نێوان 20 هەزار بۆ 23 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبامان هەبوو، جگە لەوەش کێشەی جیدیمان لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان هەبوو، بەڵام ئەم ساڵ بەشێکی بەرچاوی کێشەکە چارەسەر کراوە".
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر و وزە پاکەکانەوە، بەجۆرێک لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی چوار هەزار مێگاوات لە رێگەی وزەی خۆرەوە دابین کراوە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئەو بڕە بۆ شەش هەزار مێگاوات بەرزدەبێتەوە.
مەسعود پزیشکیان گوتی: "پلانمان هەیە تاوەکو بەر لە وەرزی هاوین کە ترۆپکی بەکارهێنانی وزەیە، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەین و 15 هەزار مێگاواتی دیکە بخەینە سەر تۆڕی بەرهەمهێنان، بۆ ئەوەی رێگری لە بڕینی کارەبا لە هاوینی داهاتوودا بکەین".
بە گوتەی سەرۆککۆماری ئێران، بۆ بەرهەمهێنانی 70 هەزار مێگاوات کارەبای دیکە گرێبەست واژۆ کراون و ئامانجی حکومەت ئەوەیە، توانای بەرهەمهێنانی کارەبای وڵات بۆ زیاتر لە 120 هەزار مێگاوات بەرزبکاتەوە.
ساڵانە لە وەرزی گەرمادا ئێران رووبەڕووی قەیرانی کەمکارەبایی دەبێتەوە، بەجۆرێک حکومەت ناچار دەبێت کارەبای کارگەکان، ناوچە پیشەسازییەکان و تەنانەت ماڵانیش ببرێت.