رووداو ناوی وەزیرەکانی کورد لە حکومەتی داهاتووی عێراق بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

پارتی فوئاد حوسێن و رێباز حەملان و یەکێتی خالید شوانی بۆ ئەو وەزارەتانە بەربژێر کردووە کە لە حکومەتی نوێی عێراقدا پێیان دەدرێت، هەروەها سروە عەبدولواحید بەربژێری نەوەی نوێیە بۆ پۆستی وەزیری ژینگە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پارتی دیموکراتی کوردستان فوئاد حوسێنی بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە بەربژێر کردووەتەوە، هەروەها رێباز حەملان، بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون بەربژێر کردووە.
 
پارتی سێ پۆستی لە کابینەی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی بەردەکەوێت، جگە لەو دوو وەزارەتە، پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانیشی بەردەکەوێت.
 
پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە بەرنامە و کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
بەرپرسێکی باڵای پارتی لە بەغدا بە رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەی پێنجشەممەدا دەنگ بە بەربژێرانی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران نادرێت".
 
هەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، خالید شوانی بۆ پۆستی وەزارەتی داد بەربژێر کردووە کە لە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانیدا هەمان وەزارەتى بەدەستەوە بوو. هەروەها یەکێتی لە پشکی خۆی وەزارەتی ژینگە دەداتە نەوەی نوێ، بەربژێرەکەشی سروە عەبدولواحیدە.
 
لە دانیشتنی پێنجشەممەی پەرلەماندا، لە کۆی 23 وەزارەت دەنگ بە 19ـیان دەدرێت، ئەو وەزارەتانەی یەکلانەبوونەتەوە دوادەخرێن بۆ دانیشتنێکی دیکە.