محەممەد شیاع سوودانی لە میسر: کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
کۆڕبەندی بازرگانیی عێراق و میسر بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی هەردوو وڵات لە قاهیرە دەستی بە کارەکانی کرد.
لە کۆڕبەندەکەدا ژمارەیەک خاوەن کاری عێراقی و میسری ئامادە بوون و بە گوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی گوتوویەتی، "بەشداریکردنی کەرتی تایبەتی عێراق لەم کۆڕبەندەدا رەنگدانەوەی خواستی جیدییە بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت هاوبەشی حکومەت بێت" و ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو یاسای بودجەی عێراقدا بڕگەیەک بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت هەیە.
هەر لە کۆڕبەندەکەدا محەممەد شیاع سوودانی گوتی، حکومەتەکەی دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژە لە کەرتەکانی نیشتەجێبوون و پەروەردە کردووە، ئەوە جگە لە دامەزراندنی سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان بە سەرمایەی یەک تریلیۆن دینار و بەشێک لەویش بۆ کەرتەکانی نیشتەجێکردن، پەروەردە، کارەبا، کشتوکاڵ، تەندروستی و پیشەسازی دەبێت و لە لایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت کە لە لایەن حکومەتەوە پشتگیری دەکرێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، حکومەتەکەی پلانی هەیە کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران بکات بۆ ئەوەی لە عێراق وەبەرهێنان بکەن و کارگە دابمەزرێنن و گوتیشی، عێراق پێویستی بە تەکنەلۆژیای ئاودێریی هاوچەرخ هەیە بۆ ئەوەی لە رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوییدا سوودی لێ وەربگرێت.
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێک گەیشتە میسر و ئامانجی سەردانەکەیشی پەرەدانە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.