سێ پلان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەسرە پێشنیازدەکرێن
رووداو - هەولێر
وەزیری نەوتی عێراق بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری جەختی لەسەر سووربوونی حكومەتی عێراق، باشتركردنی رەوشی ئابووری، كشتوكاڵی و پیشەسازی بۆ دانیشتووانی پارێزگای بەسرە كردەوە.
جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق و سەرۆكی لیژنەی راسپێردراو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی "لێژنەی وەزاری سێ پلانی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی تایبەت بە پارێزگای بەسرە داناوە و پلانی مەودا خێرا كە كێشەكانی پەیوەست بە خزمەتگوزارییەكانی ئاو، كارەبا، تەندروستی، خزمەتگوزاری گشتی و ئاسایش دەگرێتەوە لە ماوەی دوو هەفتە تاوەكو مانگێك جێبەجێدەكرێن، پلانی مەودا ناوەندیش لە ماوەی سێ بۆ شەش مانگ جێبەجێدەكرێت، پلانی دوور مەوداش دوو ساڵ تێپەڕناكات".
سەبارەت بە كێشەی سوێری ئاویش لعێبیی گوتی، لێژنەی وەزاری بڕیاریداوە یەكەیەكی شیرینكردنی ئاو دامەزرێنێت كە رۆژانە سێ هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەكات لەگەڵ وەستاندنی زێدەڕۆییەكان و ناردنی بڕی ئاوی زیاتر لە شەتولعەرەب بۆ كەمكردنەوەی رێژەی سوێری، سەرەڕای جێبەجێكردنی پلانی ستراتیژی كە پێشتر داندراون و پەیوەستن بە قەرزی ژاپۆنی و بەریتانی، بۆ باشتركردن و پێشخستنی كەرتی ئاوی خواردنەوەی زیاتر بۆ دانیشتووان، بڕی دوو ملیار دینار دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی بەسرە، دوای گەڕاندنەوەی هێڵی كارەبای ئێران لە دوو رۆژی دیكە، بڕی كارەبای زیاتر بە دانیشتووان دەدرێت.
لعێبی هەروەها گوتی، لێژنەی وەزاری بڕیاریداوە 10 هەزار هەلیكار بۆ خەڵكی پارێزگاكە دابین كات و بەپێی چڕی دانیشتووانی قەزا و ناحیەكانیش كە دامەزراندن دەیانگرێتەوە دابەشدەكرێت.
بەسرە، سەرچاوەی نەوتی عێراق و یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی عێراقە، بەڵام کەمیی دەرفەتی کارکردن لە پارێزگاکە گەنجانی تووڕە کردووە، بۆیە بە خۆپیشاندان داوای دەرفەتی کار دەکەن.
ژمارەیەک لە دانیشتووانی شاری بەسرە لە دەرەوەی کۆمپانیای نەوتی بەسرە گردبوونەوە، ئەوان بەهۆی خراپی بواری ئابووری لە پارێزگا دەوڵەمەندەکەیان و کەمی دەرفەتی کارکردن تێیدا، تووڕەن و دەڵێن، دەبێت حکومەت وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک بداتەوە.
حکومەتی عێراق لە ماوەی ساڵانی رابردوودا نەک تەنیا نەیتوانیوە ئەم کێشانە چارەسەر بکات، بەڵکو نەیتوانیوە رێگە لە گەورەبوونیشیان بگرێت، بۆیە توڕەیی خەڵکەکە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن