کۆمیسیۆنی عێراق: لە هەرێمی کوردستان، تەنیا ئاوارەی نێو کامپەکان و کوردانی ئێزدی دەتوانن دەنگبدەن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی پارێزگای هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تەنیا ئاوارەی نێو کامپەکان و کوردانی ئێزدی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بکەن و دەنگبدەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە سندووقی دەنگدان لەنێو کەمپەکان دادەنرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 13-7-2023، حەیدەر محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی پارێزگای هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنەکە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. تەنیا ئاوارەی نێو کەمپەکان و ئاوارەکانی شنگال دەتوانن دەنگ بدەن".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە، حەیدەر محەممەد گوتی، "تۆمارەکە نوێ دەکرێتەوە؛ هێشتا دیار نییە ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە چەند کەسن، چونکە تۆمارەکە پێویستی بە نوێکردنەوە و زیادکردنی ئەو کەسانەیە کە یەکەمجارە دەنگ دەدەن، لەگەڵ لابردنی ئەوانەش کە مردوون."
لە سنوورى هەرێمى کوردستان 15 کامپى ئاوارە هەیە؛ شەشیان لە هەولێر و پێنجیان لە دهۆک و چوارەکەی دیکەیان لە سلێمانیین، کە نزیکەى 600 هەزار ئاوارەیان تێدایە.