دادگەی کەرخ بڕیارێکی لەبارەی قەرز و پێشینەکانی هاونیشتمانیانەوە دواخست

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی کارگێڕیی کەرخی بەغدا بۆ جاری سێیەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵای پەرلەمانتارێکی کورد تایبەت بە سوودمەندبوونی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان لەو قەرز و پێشینانەی لەلایەن بانکەکانی عێراقەوە دەدرێنە هاووڵاتییان دواخست. 
 
سکاڵاکە لەسەر بانکی ناوەندیی عێراق و رابیتەی بانکەکانی کەرتی تایبەت تۆمارکراوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دادگەکە داوای هەندێک بەڵگەنامەی لە پەرلەمانتارەکە کردووە و بەو هۆیەوە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ دواخرا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 13-7-2023، دادگەی کارگێڕیی کەرخی بەغدا بڕیاردانی لەبارەی سکاڵای رێبوار ئەوڕەحمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بۆ کاتێکی دیکە دواخست.
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردە داوایکردووە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان لەو قەرز و پێشینانەی دەدرێتە هاووڵاتیانی عێراق سوودمەندبن، بەتایبەت قەرز بە نەخۆشخانی تووشبووی شێرپەنجە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دادگەی کەرخ داوای لە پارێزەری ئەو پەرلەمانتارە کردووە بەڵگەی دیکە پێشکێشی دادگەکە بکات؛ بۆیە دانیشتنەکە دواخرا.
 
سکاڵاکە لەسەر بانکی ناوەندیی عێراق و رابیتەی بانکەکانی کەرتی تایبەت لەمانگی نیسانی ئەمساڵ تۆمارکراوە.
 
لە سکاڵاکەدا پەرلەمانتارەکە دەڵێت، پێشتر بانکەکانی کەرتی تایبەت پاساوی ئەوەیان هەبوو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان دوا دەکەوێت و لەکاتی خۆیدا نادرێت، بۆیە ناتوانن پێشینە و قەرزیان پێ بدەن، بەڵام ئێستا ئەو پاساوە نەماوە.