دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک لەسەر چوار بەرپرسی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن نێردەی یارمەتیی نێودەوڵەتی لە عێراقەوە دژی چوار بەرپرسی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
نێردەکە بە پاساوی نووسینی پەراوێزی پێچەوانەی یاسای گومرک لە عێراق و لەلایەن وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەسەر نووسراوێکیان و رێگەگرتن لە هێنانی کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی و لێخۆشنەبوون لێیان سکاڵای کردووە، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی کوردستانیش دەڵێت: "کێشە لە مۆرەکانی سەر نووسراوەکەیە و تێبینیمان لەسەر لیستەکانیان هەبووە."
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی رۆژی دووشەممە، 13-8-2023ـی دادگەی باڵای فیدراڵی، تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن سادق عەلی ئەسغەر حوسێنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی "نێردەی یارمەتیی نێودەوڵەتی لەعێراق" و سەنتەرە پزیشکییەکەیەوە تۆمارکراوە.
سکاڵاکە لەلایەن نێردەکەوە کە سەنتەرێکی پزیشکی هەیە بە پاساوی ئەوە تۆمارکراوە گوایە رێگەی پێنەدراوە کەرەستە و پێداویستی هاوردە بکات، سکاڵاکە لە دژی ئاوات جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، تۆمارکراوە.
سکاڵاکە ژمارە 140ـی فیدڕاڵیی 2023ـی هەیە، لەلایەن "نێردەی نێودەڵەتیی باوەڕپێکراو لە عێراق و سەنتەری پزیشکیی دەستنیشانکردن، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری د.سادق عەلی ئەسغەر حوسێنی"یە، تۆمارکراوە. سکاڵاکار داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای گومرگیی ژمارە 23ـی ساڵی 1984ـی هەموارکراو بە پشتبەستن بە بڕگەی (ب) لە خاڵی یەکەمی مادەی 55ـ، سکاڵاکار پاساوی ئەوەی بۆ سکاڵاکە هێناوەتەوە گوایە وەزیری دارایی سەرپێچیی دەسەڵاتەکانی کردووە لەو پەراوێزەی لە نووسراوێکی دەستەی گشتیی گومرکی هەرێمی کوردستان نووسویەتی.
رۆژی یەکشەممە، 13-8-2023، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری سکاڵاکەین و نوێنەرمان لە دادگە ئامادە دەبێت."
سەبارەت بە ناوەڕۆکی سکاڵاکەش روونیکردەوە: "ئەو نێردەیە کە سەنتەرێکی پزیشکیی هەیە، ویستوویەتی کۆمەڵێک کەرەستە و پێداویستی بهێنێت و داوای کردبوو لێخۆشبوونی گومرکی بۆ بکرێت، بەڵام تێبینیمان لەسەر لیستەکانی هەبوو و کێشەش لە مۆرکردنی نووسراوەکانی هەبووە، بۆیە داواکارییەکەی کێشەی تێدابووە و پێچەوانەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بووە."
ئەو نێردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، هێشتا ئەوان لە عێراق کاردەکەن و بەردەوامن لە هاوردەکردنی کەرەستە و پێداویستیی پزیشکی و خۆراکیی وەکو بەخشین و بەبێ بەرامبەر دەدرێتە حکومەتی عێراق.