سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەبارەی شەقامێکی 450 ملیۆن دینارییەوە: دەچینە دادگە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی "شەقامە 450 ملیۆن دینارییەکە" بڵاوکردەوە و باسی بۆیاخکردنی لەلایەن ئەمیندارێتیی گشتیی بەغداوە دەکات و دەڵێت، "دەرگەمان بۆ سەرجەم دەزگا چاودێرییەکان کراوەیە."
شەوی پێنجشەممە 12-10-2023 سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی دروستکردنی شەقامێک لە سەرۆکایەتیی کۆمار بە بڕی 450 ملیۆن دینار بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "هەندێک لە تۆڕەکانی سۆشیاڵمیدیا لەوانەی بە چەواشەکردنی رای گشتی راهاتوون، هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە کە مەبەستیان هەڵبەستنی درۆیە، گوایە سەرۆکایەتیی کۆمار لە ناوچەی سەوز شەقامێکی بە بڕی 450 ملیۆن دینار جێبەجێ کردووە، بەڵام ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئەوە نەکراوە، هیچ نۆژەنکردنەوەیەکی کۆشکی بەغداش لە ناوچەی سەوز نەکراوە."
لە روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقدا ئاماژە بەوەش کراوە، "دەرگەمان بۆ سەرجەم دەزگا چاودێرییەکان کراوەیە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە و سەرۆکایەتیی کۆمار بە ناچاری پەنا بۆ دادگە دەبات بۆئەوەی دادگە لەدوای تەواوبوونی رێکارە کارگێڕییەکان بەدواداچوون بۆ ئەو کەسە بکات کە ئەو درۆیەی هەڵبەستووە."
بەپێی روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ئەوەی کراوە، شەقامێکە لەلایەن ئەمیندارێتیی گشتیی بەغداوە کراوە کە بۆ کۆشکی سەلام دەچێت.