بەرپرسی باڵی سەربازی رەوتی سەدر بۆ بەربژێران: لە 15 رۆژدا نەکشێنەوە وەڵامی دیکەمان دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی باڵی سەربازیی رەوتی سەدر هەڕەشە لەو کەسانە دەکات، کە سەر بەو باڵە سەربازییەن و خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێرکردووە، مۆڵەتی 15 رۆژیشیان دەداتێ و دەڵێت دوای ئەوە وەڵامی دیکەیان دەبێت.
 
چەند کەسێک کە پێشتر لەنێو 'پێکهاتەکانی سەرایا' سەلام بوون، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردووە.
 
بەرپرسی باڵی سەربازیی رەوتی سەدر روونی نەکردووەتەوە لە "وەڵامێکی دیکەمان دەبێت" بە دیاریکراوی مەبەستی چییە.
 
رۆژی دووشەممە، 13-11-2023، ئەبو مستەفا حمێداوی، بەرپرسی گشتی گرووپی چەکداریی "سەرایا سەلام" کە باڵی سەربازیی رەوتی سەدرە و بەشێکە لە حەشدی شەعبی، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی بەشداریکردنی هەندێک بەربژێری رەوتەکە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، رایگەیاند، "بۆچوونی بەڕێز موقتەدا سەدر یەکلاکەرەوەی گوتارەکان بووە و دەشبێت لە رێڕەوی جیهادی و کۆمەڵایەتیماندا، دوای وەڵامەکەی بەڕێزی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە، لێرەوە رووی قسەکانم لەو کەسانە دەکەم کە سەر بە پێکهاتەکانی سەرایا سەلامی موجاهیدن و خۆیان لە هەڵبژاردنەکە هەڵقورتاندووە، ئەگەر لە بەربژێری نەکشێنەوە لە ماوەی 15 رۆژدا، ئەوا وەڵامێکی دیکەمان دەبێت."
 
هەمان رۆژ، مەکی عمێری، یەکێک لە سەرکردەکانی گرووپی سەرایا سەلام لە پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموومان پابەندین بە بڕیاری سەرکردەمان موقتەدا سەدر، دەبێت بەهەموو توانایەکمانەوە بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنە بکەین."
 
ئەو قسانەی ئەبو موستەفا حمێداوی، بەرپرسی گشتی گرووپی چەکداریی"سەرایا سەلام"، باڵی سەربازیی رەوتی سەدر، لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ موقتەدا سەدر  داوای لە لایەنگرانی کرد، بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن، بۆ ئەوەی "رەوایەتی هەڵبژاردنەکە لە نێودەوڵەتی و نێوخۆییدا کەمبکاتەوە و هەژموونی گەندەڵکاران و ملکەچان کەمببێتەوە."
 
بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت، بەڵام رەوتی سەدر بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی کردووە.
 
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 285 کورسی پێکدێت کە 10 کورسییان بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کورسیی کۆتا تەرخان دەکرێن.