مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کوشتن و هەڵواسینی گەنجێک لە گۆڕەپانی وەسبە سەركۆنە دەكات
رووداو ـ هەولێر
مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەی عێراق رووداوەكەی گۆڕەپانی وەسبەی لە ناوەڕاستی شاری بەغدا سەركۆنەكرد و هاوكات داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد ئەنجامدەرانی ئەو کارە ئاشكرابكەن.
لەمیانی پێشكەشكردنی گوتاری ئەمڕۆ هەینی، ئەحمەد سافی، نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەی عێراق رایگەیاند "سەرجەم كردەوەكانی كوشتن، رفاندن و دەستدرێژیكردن بەهەموو جۆرەكانییەوە سەركۆنەدەكەین، بەتایبەتی ئەو تاوانەی پێنجشەممەی رابردوو لە ناوچەی وەسبە روویدا، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین لەئاست بەرپرسیارییەتی بن و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشكرابكەن".
نوێنەری مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەی عێراق هۆشداریدا "لە لێكەوتەكان و دووبارەبوونەوەی رووداوەكان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر سەلامەتی خۆپیشاندانەكان".
ئەحمەد سافی جەختیشیكردەوە دادگا مەرجەع بێت بۆ هەموو ئەو تاوان و سەرپێچیانەی روودەدەن، دەبێت كەسی تاوانباریش بەڕێگەی یاسایی سزای بەسەردا بسەپێندرێت، بەڵام رووتكردنەوە و شێواندن و هەڵواسین خۆی لەخۆیدا تاوانەو دەبێ لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی بكرێت".
ئەحمەد سافی ئاماژەی بەوەشکرد "چەند رۆژێك بەسەر ساڵیادی راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش تێدەپەڕێت كە عێراقییەكان بوێرانە بەشێكی زۆری خاكی نیشتمانیان لەدەست داعش كۆنترۆڵكردەوە و لە ماوەی سێ ساڵ شەڕی داعش دەیان هەزار كەس كوژران و برینداربوون".
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا سەردانی دایکی هەیسەم دەکات، ئەو کوڕە گەنجەی رۆژی پێنجشەممە 12-12-2019 بە بیانووی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران هێرشکرایە سەر ماڵەکەی و بە چەقۆ کوشتیان و دواتریش لە گۆڕەپانی وەسبە بە ستوونی ترافیک لایتی نێو گۆڕەپانەکە هەڵیانواسی.
لەبارەی راستی رووداوەکە داپیرەی هەیسەم بۆ رووداو قسە دەکات و دەڵێت: "کوڕەکەم 14 ساڵ بوو، هێرشیانکردە سەر ماڵەکەمان و ماڵەکەیان سووتاندم و کوڕەکەشیان دایە بەر چەقۆ، هێزەکانی فریاکەوتنیش هاوبەشبوون لە کوشتنی کوڕەکەم، ئەوان کوڕەکەمیان رادەستی خۆپیشاندەران کرد و گوتیان دەی بیکوژن و سەری ببڕن. منیش چوومە لای هێزەکانی بەرگری گوتیان ئێمە بەهاناتانەوە نایێن و بڕۆنە بنکەی پۆلیس، ئێمە پەیوەندیمان بەسەرەوە نییە و لەگەڵیشتان ناێین".