ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: لە بەغدا ناوچەی سڤیلنشین بۆردوومان کراوە

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییان لەنێو گەڕەکە قەرەباڵخەکان دەکات و رایدەگەیێنێت، هەر پاساوێک بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە مەدەنییەکان "پووچەڵە".
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە رایگەیێندراوێکدا کە رۆژی شەممە 14-03-2026 بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە: "ئەم پێشهاتە مەترسیدار و بێپێشینەیە پێشێلکارییەکی ئاشکرای تەواوی بەها مرۆییەکان و بنەما نێودەوڵەتییەکانە."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە مووشەک ماڵێک لە ناوچەی عەرەساتی بەغدا بۆردوومان کرا،  دەگوترێت ماڵی فەرماندەی یەکێک لە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بووە.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت: "هەر پاساوێک بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان لە قووڵایی گەڕەکە نیشتەجێبووەکاندا بهێنرێتەوە، لەڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە پووچەڵە. گۆڕینی ماڵی هاووڵاتییانی مەدەنی بۆ گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، تاوانێکی تەواوە کە مەبەست لێی ترساندنی بێتاوانەکان و شکاندنی ئیرادەی خەڵکە."
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان جەخت دەکاتەوە کە هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان لە ناوچەی نیشتەجێبوونیان، "پێشێلکردنی پیرۆزترین مافەکانی مرۆڤە" و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە تاوان پۆلێن دەکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکی بەغدا دەنگی تەقینەوە بیسترا، کەمێک لەمەوبەریش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە درۆن بۆردوومان کرا و ئاگر لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە بەرز بووەوە، دەنگۆی ئەوە هەیە درۆنەکە سیستمی بەرگریی باڵیۆزخانەکەی پێکابێت.