10 ملیۆن دینار دەدرێتە خێزانی کوژراوانی ئەم جەنگەی ئێستا

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، بڕێکی دیاریکراو پارە دەداتە خێزانی کوژراو و بریندارانی ئەو جەنگەی ئێستا، کە هێزە ئەمنییەکان، حەشدی شەعبی و هاووڵاتییانی مەدەنیش دەگرێتەوە.
 
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە میدیای عێراقی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی دۆخی خێزانی ئەو سەرباز و هاووڵاتییە مەدەنییانەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەدا کوژراون یان بریندار بوون؛ لیژنەکەش دەستی بە سەردان و بەسەرکردنەوەی ماڵەکانیان کردووە.
 
لیوا تەحسین خەفاجی گوتی، هاوکارییە داراییەکە بەم شێوەیەیە: بڕی 10 ملیۆن دینار بۆ خێزانی هەر کوژراوێک و 5 ملیۆن دینار بۆ هەر بریندارێک.
 
بە گوتەی تەحسین خەفاجی، قۆناخی یەکەمی ئەم هاوکارییە ناوچەکانی بەغدا دەگرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکە دەچێتە پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک و نەینەوا بەردەوامە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوویشدا بچێتە پارێزگاکانی باشووری عێراق.