عێراقچی پیرۆزبایی لە زەیدی و مانەوەی فوئاد حوسێن دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران پیرۆزبایی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکات بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، هەروەها پیرۆزبایی لە مانەوەی فوئاد حوسێن دەکات وەکو وەزیری دەرەوە.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "پیرۆزبایی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی جەنابی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دەکەم، هەروەها پیرۆزبایی مانەوەی برام فوئاد حوسێن لە پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق دەکەم".
دەشڵێت، "فراوانکردنی پەیوەندییە دۆستانە و برایانەکانی نێوان تاران و بەغدا، هەمیشە لە سەرووی کارە لەپێشینەکانی سیاسەتی دەرەوەماندایە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەرلەمانی عێراق، بۆ جاری دووەم، فوئاد حوسێن وەکو وەزیری دەرەوەی عێراق هەڵبژێردرایەوە.
لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ بەربژێری وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەڕێوەچوو و جگە لە پەسندکردنی کارنامەکەی عەلی زەیدی، 14 کەس دەنگی پێویستیان بۆ بوونە وەزیر بەدەستهێنا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 270 پەرلەمانتاری عێراق، پرۆسەی دەنگدان بۆ 19 بەربژێری وەزیر بەڕێوەچووە، بەڵام 5یان دەنگی پێویستیان نەهێناوە.
ژمارەی وەزارەتەکانی عێراق 23 دانەیە، بەو پێیە هێشتا 9یان ماوە هەڵبژێردرێن.