مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی متمانە وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و هیوادارە قۆناخێکی نوێی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان دەستپێبکات.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێز عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و کابینەکەی دەکەم بە بۆنەی بە دەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا هیوای خواستووە کە دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، دەستپێکی قۆناخێکی نوێ بێت بۆ سەقامگیری و ئاشتی لە عێراق دا؛ هەروەها دەڵێت "ببێتە هۆی چارەسەربوونی گشت کێشەکانی عێراق و جێبەجێکردنی دەستوور و باشترکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ".
هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هەردوو سەرۆکوەزیران بە تەلەفون قسەیان کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی حکومەت هیوای خواست کابینەی نوێی فیدراڵ ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیریی عێراق و سەرەتایەکی نوێ و باشتر لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ بەربژێری وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەڕێوەچوو و جگە لە پەسندکردنی کارنامەکەی عەلی زەیدی، 14 کەس دەنگی پێویستیان بۆ بوونە وەزیر بەدەستهێنا.