دەنگ بە کابینەکەی زەیدی دەدرێ و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقە

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە ئەم ئێوارەیە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بەشێک لە کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بدات.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، ئەو وەزیرانەی بەربژێر کراون، گەیشتوونەتە پەرلەمانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبێ لە رێوڕەسمی متمانەدان بە کابینەکە.
 
بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراون.
 
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لەنێو هۆڵی پەرلەمانی عێراق قسەی لەگەڵ بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری یەکێتی کرد. ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، "تائێستا دیار نییە، دانیشتنەکە رێژەی یاسایی تەواو دەکات یاخود نا، لە ماوەکانی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە".
 
چەند وەزارەت یەکلایی دەکرێنەوە؟
 
سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێرق بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆی 23 وەزارەت، 18یان دەنگیان لەسەر بدرێ و پەسند بکرێن.
 
هاوکات، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، رۆشنبیری، کار و باروباری کۆمەڵایەتی و کۆچ و کۆچبەران، لەگەڵ هەر چوار جێگرەکەی سەرۆکوەزیران لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر نادرێت و دوا دەخرێن".
 
ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی
 
لەبارەی ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "سەرۆکی هەرێمی کورستان بە بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو و سەرجەم لایەنەکانی دیکە لێرەیە".
 
گوتیشی، "دەمانەوێت ئەم کابینەیە رەچاوی مافەکانی گەلی کوردستان بکات و کار بە دەستوور بکات. داوا دەکەین ئەم حکومەتە، حکومەتی هەموو خەڵکی عێراق بێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئومێد دەکەین ئەم پرۆسەیە [دانیشتنی پەرلەمان] بە سەلامەتی بەڕێوەبچێت".