دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک لەدژی گرێبەستی سێ کێڵگەی گاز لە هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەدژی گرێبەستی پەرەپێدانی سێ کێڵگەی گاز لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. سکاڵاکارەکە دەڵێت: "ئەو هەنگاوە پشتی بە بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدراڵی بەستووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی پەرلەمانی کوردستان."
بەگوێرەی خشتەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، 20ـی تەممووز دانیشتنێکی تایبەت بەو سکاڵایە دەکات کە لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیان تۆمار کراوە.
سکاڵاکە لەلایەن باسم غرێباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق تۆمار کراوە و تێیدا داوا دەکات گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەکانی میران، تۆپخانە و کوردەمیر، بە نادەستووری بناسێنرێت.
باسم غرێباوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سکاڵاکە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە پێشتر دادگەی باڵای فیدراڵی، یاسای نەوت و گازی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندووەتەوە، کە بە گوتەی ئەو، گرێبەستەکانی ئەو سێ کێڵگەیە لەسەر بنەمای ئەو یاسایە کراون."
19ـی ئایاری 2024، کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی ئەمریکی و گرووپی ئۆنێکس رێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بە مەبەستی پەرەپێدان بەو کێڵگانەی گاز لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە 21ـی ئایار رایگەیاند، گرێبەستی نوێیان لەبارەی پەرەپێدانی ئەو کێڵگانە واژۆ نەکردووە، بەڵکو پێشتر گرێبەستیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە هەبووە.
بەگوێرەی سکاڵاکە، داوا کراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێت بەوەی هیچ گرێبەستێک لە داهاتوو واژۆ نەکات کە تایبەت بن بە نەوت و گاز، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی.