زیاتر لە 80 واژۆ بۆ لەسەرکارلابردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق، بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار محەممەد نووری خوزاعی، داواکارییەکی فەرمییان ئاراستەی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد و تێیدا داوای لەسەرکارلادانی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان دەکەن، ئەمەش لەسەر بنەمای لێدوانێک، کە تێیدا گوتبووی "شوناسی عێراق سەخیفانەیە" و ئەمەیان بە سووکایەتیکردن بە عێراق داناوە.
محەممەد نووری خوزاعی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە (14ی تەممووزی 2025)، بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند: "ئەو داواکارییەی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کراوە، دوای لێدوانە نابەرپرسانەکانی مەشهەدانی دێت، کە بە پێشێلکردنی ئەو سوێندە دەستوورییە دادەنرێت کە خواردوویەتی" و جەختی کردەوە کە "ژمارەی واژۆکان تاوەکو ئێستا 80 واژۆی تێپەڕاندووە."
محەممەد نووری جوزاعی، کە لەسەر لیستی بزووتنەوەی ئیمتیدات لە پارێزگای قادسیە بووەتە پەرلەمانتار، گوتی: "تاکڕەویی مەشهەدانی لە بڕیاردان و لێدوانەکانیدا، رەنگدانەوەی ئاراستەیەکی نوێی تائیفییە کە هەڕەشە لە سەقامگیریی دۆخی سیاسی و وڵات بەگشتی دەکات."
مەحمود مەشهەدانی دوێنێ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، عێراق لە مانگی داهاتوودا رووبەڕووی خۆپێشاندان دەبێتەوە و ئەگەری هەیە بەرەو "حکومەتی باری نائاسایی" بڕۆن ئەگەر نائارامیی ئەمنی لە عێراقدا دروست بێت. شوناسی عێراقیشی بە "سەخیف " وەسف کرد.
هەروەها مەشهەدانی ئاشکرای کرد، کە ئەمریکا سەبارەت بە حەشدی شەعبی پەیامی بۆ سەرجەم سەرکردە سیاسییەکان ناردووە و گوتبووی: "ئاراستەی ئەمریکا بریتییە لە تێکەڵکردنی حەشد لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، نەک تەنیا رێکخستنەوەی."
رۆژی 31-10-2024 مەحموود مەشهەدانی، کە بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم بوو، لەلایەن زۆربەی سوننەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە پشتیوانی کرا بە ەنگی 182 پەرلەمانتار بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. ئەمەش دوای ئەوەی 14ی تشرینی دووەمی 2023، بەتۆمەتی گەندەڵی و ساختەکردنی واژۆی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی، دادگەی باڵای عێراق، ئەندامیێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە.