عەبادی : چاكسازی پێویستی بە دەسەڵاتە
رووداو- بەغدا
لەكاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی لاوانی عێراقدا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای بوونی دەسەڵاتی کرد بۆئەوەی چاکسازی بکات لەوڵاتدا. جەختیشیكردەوە كە رێگە بە دیکتاتۆری نوێ نادەن لە عێراقدا.
لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەوە کردەوە كە رێگە بەبوونی دیکتاتۆری نوێ نادەن لە عێراق. سەرۆکوەزیرانی عێراق لە كۆڕبەندەكەدا كە رۆژی پێنجشەممە 13 ی ئاب بەڕێوەچوو، راشیگەیاند " لاوان رەگەزێکی سەرەکی چاکسازییەکانن"، چاکسازیش بەگوتەی عەبادی ئاسان نابێت "چونکە هەندێک هێزی جیاواز یەکدەگرنەوە لەپێناو پەکخستنی پرۆسەی سیاسی" .
عەبادی گوتیشی " ئەو هێزانە داعشی تێدایە تاوەکو دەگاتە هێزی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی، داعش لە بەرژەوەندیدایە پرۆسەی سیاسی پەکبخات و بمانگەڕێنێتە دواوە، رەنگە گرووپێکی سیاسیش لە بەرژەوەندی درابێت و لە قازانجیدا بێت بدرێت لە پرۆسە سیاسییەکە".
بەگوتەی عەبادی، ئەوەش بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییەکانە، چونکە بەدرێژایی ئەو ساڵانە هیچ بەڵگەیەکیان بەدەست نەگەیشتووە لەسەر ئەوەی ئەو دوو هێزە پێکەوە کۆبکاتەوە.
رۆژی یەكشەممە 9/8/2015 ، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی چاكسازی سیاسی كۆمەڵێك بڕیاری گرنگی دەركرد، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی پۆستەكانی جێگرانی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران، كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانانی بەرپرسان و دەرماڵەی تایبەتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەو دەستە و دەزگاكانی دەوڵەت.
پڕۆژە چاكسازییەكەی عەبادی بەردەوامە و ناوە ناوە ژمارەیەك بەرپرس دووردەخاتەوە، لەلایەن شەقامی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانیش پشتگیری لێدەكرێت، بەڵام كورد و سوننە لەو هەوڵەی عەبادی بەگومانن، چونكە هاوسەنگی لایەنەكانی لەنێو حكومەتدا گۆڕیوە.