دادگەی فیدراڵی لەبارەی دابەشکردن و نرخی سووتەمەنی لە کوردستان کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سبەی سێشەممە دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک بکات کە تێیدا داواکراوە جیاوازی لە دابەشکردن و بەهای سووتەمەنییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق نەمێنێت و حکومەتی عێراق ئەو بەرهەمانە لە کوردستانیش دابەش بکات. سکاڵاکە لەلایەن پەرلەمانتارێکی کوردی پێشووی عێراقەوە لە دژی وەزیری نەوتی عێراق تۆمارکراوە، پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت، "سەرجەم بەڵگەکان دەخەینە بەردەستی دادوەر."
 
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی سێشەممە، 15-8-2023، دادگە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک لەسەر دابەزاندنی بەهای بەرهەمەکانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن غالیب محەممەد عەلی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق تۆمارکراوە.
 
رۆژی دووشەممە، 14-8-2023، کاروان شەهاب، پارێزەری دۆسییەکە، جگە لە جەختکردنەوە لە ئامدەبوونیان لە دانیشتنی دادگەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوای راگەیاند: "سبەی لە دادگەی فیدراڵی سەرجەم بەڵگەنامەکان پێشکێش دەکەم و دەمانەوێت لە رێگەی ئەو داوایەوە جیاوازیی بەهای نەوت و بەنزین و سووتەمەنی بەگشتی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق نەمێنێت."
 
سکاڵاکە ژمارە 156ـی فیدراڵیی 2023ـی هەیە، لەسەر حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق تۆمارکراوە، لە سکاڵانامەکەدا سکاڵاکار داوا دەکات "بڕیار و رێوشوێنەکانی وەزیری نەوت لە جیاوازیکردن لەنێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق نەکات لەبارەی دابینکردن و بەهای بەرهەمە نەوتییەکانی هاتوو لە نووسراوی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ژمارە 8915 لە 28-8-2021 و 11707 لە 4-11-2021، دانیشتنی دادگەکەش یەکەم دانیشتنە.
 
ماوەیەکە بەهای لیترێک بەنزین بە هەموو جۆرەکانییەوە لەهەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، جیاوازیی هەر لیترێک بەنزین لە پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق بەلانی کەمەوە دوو هێندەیە، جگە لەوەی بەرمیلی نەوتی سپیش سێ هێندەی نەوت لە عێراق گرانترە.
 
بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات کە هەناردەدەکرێت یان بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی دەبێت، لەکاتێکدا ئێستا بەهای بەنزین و سووتەمەنییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان بەبەراورد لە ناوچەکانی دیکەی عێراق گرانترە.