"بۆ یەکەمجار" عومرەکارێکی کورد لەنێو فڕۆکە گیان لەدەستدەدات

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئافرەتێکی دانیشتووی شاری هەولێر کە بۆ گەشتی عومرە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتووە، لە ئاسمانی بەغدا لەنێو فڕۆکەکە گیانی لەدەستدا، کەسێک کە لەنێو فڕۆکەکەدا هاوڕێی ئەو ئافرەتە بووە دەڵێت، "تیمی پزیشکی نێو فڕۆکەکە گوتیان بەجەڵتەی دڵ مردووە."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-9-2023، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ ئافرەتێکی تەمەن 81 ساڵ کە دانیشتووی گەڕەکی بەهاری نوێی شاری هەولێرە، ویستوویەتی بۆ عومرە بچێتە سعودیە، بەڵام لەنێو فڕۆکە لە ئاسمانی بەغدا گیانی لەدەستدا."
 
نەبەز ئیسماعیل گوتی، "ئەو ئافرەتە ناوی بەهیە عومەر محەممەدە، لەدایکبووی ساڵی 1942 یە، کچەکەی خۆی لەگەڵدا بووە و تاوەکو چووەتە نێو فڕۆکە تەندروستیی باش بووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە."
 
یەکێک لەو کەسانەی لەنێو فڕۆکەکە لەگەڵیدابووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاربوو کاژێر 3:25ـی پاشنیوەڕۆ فڕۆکەکەمان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەرەو سعودیە بەڕێبکەوێت، بەڵام دواکەوت، کاژێر پێنج بەڕێکەوتین، بەڵام دوای نزیکەی 40 خولەک و تێپەڕاندنی بەغدا، دەنگە دەنگ لەنێو فڕۆکەکە دروستبوو و دواتر دەرکەوت ئافرەتێکی بەتەمەن گیانی لەدەستداوە."
 
گوتیشی: "ئەو ئافرەتە کوردە و دانێشتووی پارێزگای هەولێرە، بەپێی قسەی تیمی پزیشکی بە جەڵتەی دڵ مردووە."
 
سەبارەت بە نیشتنەوەی فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، گوتی: "دواتر تیمی فڕۆکەکە بڕیاریاندا بگەڕێنەوە بۆ بەغدا کە کەمێک لە بەغدا دووربووین، بۆیە فڕۆکەکە گەڕایەوە بۆ بەغدا و ئێمە لە فڕۆکەخانەی بەغدا دابەزێندراین بۆ ئەوەی پشکنین بۆ فڕۆکەکە بکرێت و بە دەرمان بیڕشێنن، تەرمەکەش برایە دادپزیشکی بۆ ئەوەی دواتر بگەڕێندرێتەوە بۆ هەولێر."
 
بە قسەی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەوە یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانی کوردە لەنێو فڕۆکە رووبدات. دەشڵێت: "هێزە ئەمنیی و پزیشکییەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا زۆر هاوکاری کەسوکاری ئەو ئافرەتە بوون و هەموو ئاسانکارییەکان بۆ گرتنەبەری رێکارەکان کردووە."
 
ئەو کەسەی قسەی بۆ رووداو کرد ئاماژەی بەوەکرد: "ئەوان بۆ ماوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەمێننەوە تاوەکو رێکارەکان تەواو دەبن. ئەوەشی گوت "سەرجەم سەرنشینانی نێو فڕۆکەکە ئەو کەسانەن کە بۆ بەجێگەیاندنی عومرە ویستوویانە سەردانی سعودیە بکەن".