دادگەی فیدراڵیی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوەشاندەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە هەڵوەشاندەوە.
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2023، بڕیارەکەی دەرکرد و تێیدا هاتووە، "ئەمە بڕیاریی کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن".
 
هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە.
 
لە پاش ئەوەی دادگەی فیدراڵیی بڕیارەکەی بڵاوکردەوە، لەیس دلێمی رایگەیاند، "ئێمە دوای ساڵێک لە سکاڵاکەماندا سەرکەوتین، ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی بە تۆمەتی "ساختەکردنی نووسراوی فەرمی" بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی دەرکرد. دادگەی باڵای فیدراڵیی بەهێزترین دادگەی ناوچەکەیە و بڕیارەکەی زیرەکانەیە".
 
هاوکات، باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراق کە لەنێو دادگە لەگەڵ پەرلەمانتار لەیس دلێمی دەرکەوت، گوتی، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی ئازایانەیە و ئێمە شانازی دەکەین کە دادگەیەکمان هەیە بەهێزترینە لە ناوچەکەدا".
 
مانگی شوباتی ساڵی 2022، پەرلەمانتار لەیس دلێمی، محەممەد حەلبووسی بە ساختەکردنی نووسراو تۆمەتبار کرد و گوتی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی بە واژۆی خۆیەوە پێ پڕکردووەتەوە بەبێ ئەوەی وادە لەسەر نووسراوەکە هەبێت، دواتر لە رۆژی 22ـی نیسانی 2022، نووسینگەی حەلبووسی رایگەیاند، بڕیاریداوە لەیس دلێمی لە ریزەکانی حیزبی تەقەدووم دەربکات.
 
لە 9-1-2022، پەرلەمانی عێراق محەممەد حەلبووسیی بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ حەلبووسی لە دانیشتنی پەرلەماندا بووە و چەند خوولەکێک بەر لە دەرچوونی بڕیارەکەی دادگە، دانیشتنەکەی کۆتایی پێهێناوە.

 

 
محەممەد حەلبووسی کێیە؟
 
- ناوی محەممەد رێکان حەلبووسییە و سیاسەتڤانێکی سوننەیە.
 
- لەساڵی 1982 لە قەزای گەرمە لە پارێزگای ئەنبار لەدایکبووە.
 
- ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە لە فراکسیۆنی حەل، کە جەمال کەربوولی سەرۆکایەتی کردووە.
 
- لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 پەرلەمانتار بووە.
 
- سەرۆکایەتی هاوپەیمانی تەقەدوومی کردووە.