وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکەی تەدموور: هێشتا تیرۆر مەترسییە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر یەکەیەکی هاوبەشی سوپای ئەمریکا و هێزە ئەمنییەکانی سووریای کرد لە نزیک شاری تەدمووری سووریا و رایگەیاند: "هێشتا تیرۆر مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە."
 
ئەو وەزارەتە ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، راگەیێنراوێکی لەبارەی ئەو هێرشەوە بڵاوکردەوە کە 13ـی کانوونی یەکەم لە نزیک شاری تەدمووری پارێزگای حومس ئەنجامدرا و بەهۆیەوە دوو سەرباز و هاووڵاتییەکی سڤیلی ئەمریکی کوژران.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، مەترسیی تیرۆر ئەوەی پێویست کردووە کە هاوئاهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەهێز بکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و وشککردنەوەی سەرچاوەکانی.
 
هێرشەکە لە کاتی گەڕانێکی مەیدانیی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و سووریادا بووە لە تەدموور، بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا هێرشبەرەکە هەواداری رێکخراوی داعش بووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەلی عێراق لەو گەلانە بووە زۆرترین زیانی بەهۆی تاوانی تیرۆر بەرکەوتووە، بۆیە گرنگە کاری هاوبەش بەردەوام بێت و هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر و رێگری لە گەڕانەوەی.