ئەنجامی لێکۆڵینەوە؛ ئاگرەکەی نەخۆشخانەی دیوانیە بە ئەنقەست بووە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری دیوانیە رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی دیوانیە تەواو بووە و دەرکەوتووە نەخۆشخانەکە "بە ئەنقەست" سووتێندراوە و تۆمەتبارەکانیش دانیان بە سووتاندنەکە ناوە.
فارس وەناس، جێگری پارێزگاری دیواییە، زانیاریی نوێی بۆ رووداو لەسەر رووداوی سووتانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی پارێزگاکەیان باسکرد و دەڵێت: "ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمان تەواو کرد و دەرکەوت بەپێی بەڵگەنامە و دانپێدانانەکاندا بە ئەنقەست ئاگر لە نەخۆشخانەکە بەردراوە."
سەبارەت بە هۆکاری سووتاندنی نەخۆشخانەکەش، فارس وەناس گوتی: "بەهۆی ئەو رووداوەوە چوار کەس کە فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دیوانیەن دەستگیرکراون، دانیان بە تاوانەکانیان ناوە، هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، گوایە ویستوویانە بەرپرسانی نوێی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دیوانیە شەرمەزار بکەن."
رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، ئاگر لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی پارێزگای دیوانیە کەوتەوە و چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزیری تەندروستی کرد دەستپێلەکارکێشانەوە بۆ بەرپرسانی کەمتەرخەم بکات، دواتر 12 بەرپرس لە تەندروستیی دیوانیە دەستپێلەکارکێشانەوەیان بۆ کرا.
جێگری پارێزگای دیوانیە دەڵێت، ئەگەری زۆرە ئەو کەسانە لەلایەن لایەنێکی دەستڕۆیشتووی پارێزگاکەوە هاندرابن، لە دانپێدانانەکانیداندا گوتوویانە چاویان بەوە هەڵنایەت بەرپرسانی گەنج لە بەڕێوەبەرایەتییەکە پۆستیان هەبێت، لە دژی ئەوان ئەو ئاگرەیان کردووەتەوە.
فارس وەناس گوتی: "ئەو کەسانەی لە پشتی کارەکەوەن ویستویانە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بەردەوام بێت و بگەڕێنەوە سەر پۆستەکانیان بۆ ئەوەی گەندەڵی بکەن."
ئەمڕۆ دووشەممە، 15-1-2024، مەیسەم عەبدولئیلاه، پارێزگاری دیوانیە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەی وردی پۆلیس و دەزگای هەواڵگری دەرکەوت رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە بە ئەنقەست بووە، رووداوەکەی لاوەکی نەبووە."