لە موسڵ ئاو بە کیلۆ دەفرۆشرێ و کیلۆی بە 10 هەزارە
رووداو- موسڵ
پەرلەمانتارێک دەڵێت، لە موسڵ ئاوی خاوێن بە کیلۆ دەفرۆشرێ و کیلۆی بە 10 هەزار دینارە. دەشڵێت، دانیشتووانی بەری راستی موسڵ لەلایەن داعش رووبەڕووی برسییەتی بوونەتەوە و دەیان کەس مردوون.
نایف شەممەری رەخنەی لە ئیدارەدانی کەمپەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گرت و گوتی ''ئەوانەی لە چنگی داعش رزگاریان دەبێت و دەگەنە کەمپەکان، رووبەڕووی نەهامەتی دیکە دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی خراپی ئیدارەدانی کەمپەکانەوەیە''.
لەبارەی گوزەرانی هاووڵاتیانی بەری راست بەتایبەتی لەو گەڕەکانەی هێشتا لەژێر دەستی داعشدا ماون، وەک (موسڵی کۆن، 17 تەمموز و چەند ناوچەیەکی دیکە) رایگەیاند ''ئارد و پەتاتە ژەمی سەرەکییە بۆ زۆربەی کەسەکان، ئێستا ئەوەش نەماوە، کیلۆیەک ئاو بە 10 هەزار دینارە و بە دەبە و کیسە دەفرۆشرێت''.
ئەو پەرلەمانتارەی شاری موسڵ داوایکرد پەلە لە رزگارکردنی بەری راستی موسڵ بکرێت، چونکە هەزاران خێزان لەژێر دەستی داعش برسی دەکرێن.
تەنها 8 گەڕەکی بەری راستی موسڵ ماون کۆنترۆڵبکرێنەوە و رۆژانەش لە زەوی و ئاسمانەوە شەڕێکی قورس لەو گەڕەکانە بەڕێوەدەچێت. سوپای عێراق بەهەموو توانایەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەیان دەدات و چەکدارانی داعشیش شەڕی مان و نەمان دەکەن.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح