دوای تەواوبوونی پشووی پەرلەمان بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەخرێتە کارنامەی دانیشتنێکی پەرلەمانەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای تەواوبوونی پشووی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی قسە دەکەن بۆئەوەی رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە دەنگدانەوە، دەشڵێت، "هیچ کێشەیەکی لەسەر نییە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش هاوئاهەنگی کراوە بۆ پەسندکردنی."
رۆژی چوارشەممە 14-06-2023 شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە و دوایین هەوڵەکان لەو پێناوەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "دوای تەواوبوونی پشووی پەرلەمانی عێراق، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی دەخەینە بەرنامەی کاری پەرلەمان بۆئەوەی دەنگدانی لەسەر بکرێت و هەڵەبجە بکرێت بە پارێزگای چوارەمی هەرێمی کوردستان و 19یەمی عێراق."
شێروان دووبەردانی گوتیشی، "هەوڵدەدەین لە مانگی تەممووزدا ئەو کارە بکەن، چونکە رەشنووسی یاساکە جگە لەوەی گرنگە، هیچ کێشەیەکی لەسەر نییە."
ئەندامەکەی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق ئاماژەی بۆ کۆدەنگی لەسەر تێپەڕاندنی رەشنووسەکەش کرد و ئاشکرای کرد، "لەنێوان وەزارەتی پلاندانان و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هاوئاهەنگیی باش لەو پێناوەدا هەیە، لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمانیش هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ تێپەڕاندنی نییە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13ی ئاداری 2023، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسند کرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد. شەوی 03-04-2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد.
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، رەشنووسی یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عێراق کرد.
هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە. لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
بەهۆی ئەوەی وەکو پارێزگا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بۆیە لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخاننەکراوە و بەپێی قسەی شێروان دووبەردانی ساڵی داهاتوو هەڵەبجە پشکی لە یاسای بودجە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دەبێت.
ماوەی 20 ساڵ دەبێت هیچ پارێزگایەکی نوێ لە عێراق دروستنەکراوە، لەکاتێکدا بەراورد بە ساڵی 2003 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستن، بە رێژەی 40٪ زیادیکردووە و لە 25 ملیۆنەوە بووەتە 42 ملیۆن کەس. ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش بە رێژەی 27٪ زیادیکردووە و لە 4 ملیۆن و 800 هەزار کەسەوە بووەتە زیاتر لە 6 ملیۆن و 400 هەزار کەس.