حەشدی شەعبی درۆنێکی ئێرانی نمایش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حەشدی شەعبی رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی موهاجیر شەش (M6)ی دەستخستووە، دوای پاراستنی خاکی عێراق، ئاسمانەکەشی دەپارێزن. ئەو فڕۆکەیە کە دروستکراوی ئێرانە بەپێی بەشێک لە میدیاکانی ئێران بۆ "پاراستنی عێراقە لە گرووپە تیرۆریستییەکان و رێگریکردنە لە هێزەکانی ئەمریکا."
رۆژی چوارشەممە 14-06-2023 دەستەی حەشدی شەعبی، کە دەستەیەکی سەربازیی هێزە شیعەکانی عێراقە، لە ساڵیادی دامەزرانیدا، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە جۆری موهاجیر شەش دەستکەوتووە، جگە لە نمایشکردنی و تاقیکردنەوەی فڕۆکەکە، لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا فڕۆکەکە لە رێگەی سیستمی کۆنترۆڵەوە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان ئامانجێکی دروستکراو بۆ تەقاندنەوە بۆردووماندەکات.
میدیاکانی ئێران دەڵێن ئەو فڕۆکەیە هێزی بەرەنگاربوونەوەی حەشدی شەعبی زیاد دەکات و یەکێک دەبێت لەنێو چەک و کەرەستە سەربازییەکانی بەردەستی، کە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەبێت لە گرووپە تیرۆریستییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وەکو باسیان کردووە.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە تێکەڵ بە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی درۆن بووە و ئێستا نزیکەی شەش جۆری هەیە، کە زنجیرەکانی شاهید و موهاجیر دیارترینیانن.
موهاجیر شەش یەکێکە لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دروستکراوەکانی ئێران، هەڵگری بۆمبی زیرەکە و زۆر بە وردی ئامانجەکانی دەپێکێت، فڕۆکەکە توانای ناردنی زانیاریی هەیە بۆ سەنتەری کۆنتڕۆڵ و توانایەکی بەهێزی چاودێریکردنی هەیە.
مانگی نیسانی 2018 وەزارەتی بەرگریی ئێران دروستکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی راگەیاند و ئاشکرایکرد، فڕۆکەکە بە حیزبوڵڵای لوبنان دەدەن، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە توانای نیشتنەوە و هەستانی لە فڕگەی کورتیشدا هەیە.