بەرپرسان: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دوو درۆنی ئێرانی لە عێراق خستەخوارەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوو بەرپرسی سەربازیی عێراق، رۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسیان راگەیاند، دوو درۆن کە لە ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون، لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە خاکی عێراق خرانە خوارەوە.
 
یەکێک لە بەرپرسەکان گوتی: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، دوو درۆنی ئێرانی خستە خوارەوە کە بەرەو ئیسرائیل دەچوون".
 
ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ قسەکردن لەسەر بابەتەکە، گوتیشی، درۆنەکان شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە خراونەتە خوارەوە.
 
بەرپرسەکەی دیکە گوتی، درۆنەکان کراونەتە ئامانج، چونکە چوونەتە نێو بازنەی سنووری بەرگریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ئەوانیش فەرمانیان پێکراوە رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببنەوە.
 
رۆژی هەینی، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و شوێنە سەربازی و ئەتۆمییەکانی کردە ئامانج. لە بەرامبەردا، شەوەکەی کۆماری ئیسلامی سەدان درۆن و مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
 
چەندین مووشەک و درۆن لەنێو خاکی عێراقدا کەوتوونەتە خوارەوە، زۆربەیان لە بیاباندا بوون و هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
 
بە گوتەی بەرپرسێکی عێراقی، رۆژی هەینی "درۆنێکی بۆمبڕێژکراو" لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە عەین ئەسەد خراوەتە خوارەوە.
 
حکومەتی عێراق هاوپەیمانێکی نزیکی تارانە، بەڵام لە هەمان کاتدا هاوبەشێکی ستراتیژیی ئەمریکایە و نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی دژی داعش لە عێراق جێگیرکراون.
 
بەغدا و واشنتن لەسەر خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکانی هاوپەیمانان رێککەوتوون.
 
بڕیارە تاوەکو مانگی ئەیلوول، هێزەکان بنکەکانی فیدراڵیی عێراق – بە عەین ئەسەدیشەوە – جێبهێڵن و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 لە هەرێمی کوردستانیش بکشێنەوە.