بازاڕەکانی عێراق پڕ بووە لە ماددەی هۆشبەری ئێرانی

رووداو- بەغدا

دوای چەند رۆژێکی کەم لە راگەیاندنی هەڵمەتێکی فراوان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە بۆ روبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەتایبەتی لە شاری بەغدا، رێکخراوە مەدەنییەکانیش هۆشداریدەدەن لە مەترسی ئەو رەوشەی کە بەغدای پایتەخت تێی کەوتووە لەرووی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەماددە هۆشبەرەکانەوە. 

بەرپرسانی ئەمنیش دەڵێن: توڕە رێکخراوەکان کە لەلایەن میلیشیاکانەوە پشتگیری دەکرێن لەپشت بەقاچاخهێنانی ئەو ماددەیەوەن لە ئێرانەوە بۆ عێراق. 

هاوکات سەرۆکی رێکخراوێکی مەدەنیش هۆشداریدەدات لە بڵاوبوونەوەی چەندین جۆر لە مادەی هۆشبەر و حەشیش لەشاری بەغدا کە چەند تۆڕێکی پەیوەست بە میلیشیاکان بازرگانی پێوەدەکەن.

دکتۆر محەممەد عەلی، سەرۆکی رێکخراوی سەلامی عێراقی بۆ کاروباری مافی مرۆڤ رایگەیاند، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەشارەکانی بەغدا و دواتریش بەسرە و بابل و نەجەف گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و مەترسیدار، بەجۆرێک رێژەی لەسەتا پێنجی تێپەڕاندووە کە بەرزترین ئاستە لەمێژووی عێراقدا.

روونیشیکردەوە، رێوشوێنی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە، لەئاست ئەو مەترسییە نییە کە مادە هۆشبەرەکان بۆ سەر عێراق درووستیانکردووە، چەند تۆڕێکی رێکخراوی سەر بەحەشدی شەعبی بەرپرسن لە هاتنە ناوەوەی ئەو مادە هۆشبەرانە لەرێگەی ئێرانەوە.

سەرۆکی رێکخراوی سەلامی عێراقی بە عەرەب ئەلجەدیدی راگەیاندووە، لەماوەی مانگێکدا نۆ گەنج بەهۆی بەکارهێنانی زۆری ماددە هۆشبەرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و چەند حاڵەتێکی خۆکوشتنیش تۆمارکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، تۆڕی مافیاکان چاوپۆشیان لێدەکرێت و پۆلیسیش ناتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات بەهۆی پەیوەستبوونیان بە حەشدی شەعبی یان پەیوەندییان بە ئەفسەرانی پۆلیسی گەندەڵەوە ئەو کارە دەکەن.

لای خۆشییەوە، ماجد ئەعرەجی، سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی رەسافە لە بەغدا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دادگا هەڵمەتێکی فراوانی بۆ روبەڕووبوونەوەی دیاردەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەماددەهۆشبەرەکان و مەترسییەکانی لەبەغدا دەستپێکردووە.

ئەعرەجی گوتیشی، پرۆسەکانی دادگاییکردن و لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە دیاردەکە بەشێوەیەکی فراوان بەتایبەتی لە گازینۆکانی بەغدای پایتەخت بڵاوبووەتەوە، دەسەڵاتی دادوەری هۆشداریداوە لەمەترسی ئەو دیاردەیە و بەپێی رێنمایی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەڵمەتێکی فراوان بۆ روبەڕووبوونەوەی دەستیپێکردووە و داواشی لە پەرلەمان کرد، هەمواری ماددەکانی سزادانی بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە تووند بکات.

سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی رەسافە لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان بەهاوکاری لەگەڵ دادگاکان چەند بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکانیان دەستگیرکردووە و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

عەباس روبێعی، یەکێک لە ئەفسەرانی نووسینگەی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای دەکات، دیاردەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەشێوەیەکی فراوان و خێرا لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق بڵاوبووەتەوە و پۆلیس چاودێری مافیاکان و ئەو گازینۆیانە دەکات کە ئەو ماددانەیان تێدا دەفرۆشرێت. گوتیشی، لەماوەی ساڵێکدا 65 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە بەغدا و نزیکەی 150ی دیکەش لە پارێزگاکانی باشووری عێراق دەستگیرکراون.

ئەو ئەفسەرەی نووسینگەی روبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی وەزارەتی ناوخۆ باسی ئەوەشی کردووە، هێزە ئەمنییەکان دەستیانگرتووە بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەر و کۆمەڵێک کارگەی تایبەت بە ئامادەکردنی لە شێوەی دەرماندا بۆ ئەوەی لەشاری بەغدا و شارەکانی دیکە دابەشی بکەن داخراون و هەڵوەشێندراونەتەوە.

دەشڵێت، چەند بازاڕێکی میللی و دەرمانخانەی وەهمی هەن کە مامەڵە بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن و دەیفرۆشن و روونیشیدەکاتەوە، لە سەتا شەستی ئەو تاوانانەی تۆمارکراون لەماوەی ئەم مانگەدا لەلایەن ئەو کەسانەوە ئەنجامدراوە کە ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە.

عومەر ئەحمەد، پزیشک لەنەخۆشخانەی بەغدا رایگەیاند، چەند بەشێکی تایبەت هەن لە نەخۆشخانەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی ئالودەی ماددەهۆشبەرەکان بوون و رێژەکەش زۆر بەرز بووەتەوە و گوتیشی، بەشێکی کەم لەو ئالودەبووانە چاکدەبنەوە بەهۆی ئەو چارەسەرە کەمانەی کە هەمانە.

ئەو پزیشکە دەشڵێت، ئالودەبووەکان لەسەتا ٩٥ لەچینی گەنجانن و لەسەتا پێنجیان ئافرەتانن، تەنها منداڵی خێزانە هەژارەکانیش ئالودە نەبوون، بەڵکو منداڵی خێزانە دەوڵەمەندەکانیش ئالودەی ماددەهۆشبەرەکان بوون.

روونیشیکردەوە، ماددەکانی کریستاڵ ، کۆکایین ، حەشیش ، قەنەب و خشخاش لە ئێران و ئەفغانستان لەرێگەی ئێرانەوە دێنە عێراق، هەروەها کۆمەڵێک دەرمانیش کە تەنها بە رێنمایی پزیشک دەدرێت بە نەخۆش بەکاردەهێندرێن وەکو مۆرفین ، کلۆرۆفۆرم ، سۆمادریل ، ئاڕتین ، مەکدۆن و ڤالیۆم.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان