رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق: ژمارەیەکی زۆر دەفتەری پاسپۆرت گەیشتن


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ کاروانێکی گەورەی دەفتەری پاسپۆرت گەیشتوونەتە عێراق و لەماوەیەکی نزیکدا چاپدەکرێن. دەشڵێت، نێوەڕاستی مانگی داهاتوو کۆتایی بەسەرجەم کێشەکانی پاسپۆرت دێت و "وەرچەرخانێکی گەورە لە کاری پاسپۆرت روودەدات."  
 
رۆژی هەینی 15-9-2023، لیوا نەشئەت خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق رایگەیاند: "بەمنزیکانە سەرجەم کێشەکانی تایبەت بە پاسپۆرت کۆتاییان پێدێت، بەتایبەت کە ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە دەفتەری پاسپۆرت گەیشتوون و دوای چاپکردنیان، پلانێکی تۆکمە بۆ دابەشکردنیان دادەڕێژرێت، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت و لەچاپدانیش بەردەوام دەبێت." 
 
لیوا نەشئەت خەفاجی گوتیشی: "پەیوەست بە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی فەرمانگەی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە نووسینگەی لە کوێت، ئوردن، لوبنان و قەتەر کردووەتەوە، رۆژی هەینی رابردوو شاندێک گەیشتە تورکیا بۆ کردنەوەی نووسینگەیەک لەو وڵاتە."
 
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رۆژانی داهاتوو چەند شاندێکی عێراق سەردانی وڵاتانی مالیزیا، ئیمارات و سعودیە دەکەن بۆ هەمان مەبەست. گوتیشی، "ئەمساڵ وەرچەرخانێکی گەورە لە کاری پاسپۆرت لە عێراق روودەدات و نێوەڕاستی مانگی داهاتوو سەرجەم کێشەکانی تایبەت بە پاسپۆرت و دەرهێنانی چارەسەر دەکرێن." 
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە 06-03-2023، بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق و بەدواداچوونی بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت نشینگە، نەوەی سێیەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەستیپێکرد. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی پەنجەرەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کردەوە و سەرپەرشتی دەرکردنی یەکەم پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیی کرد. "ستایشی هەوڵی کارمەندانی بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت نشینگەی کرد." 
 
پاسپۆرتەکە تایبەتمەندی تەکنیکی بەرزە و بەپێی پێوەرەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانیی نێودەوڵەتی (ICAO)ـیە. سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "نزیکەی 85٪ـی رێکارە کاخەزی و کارگێڕییەکان کەمدەکاتەوە و لە ماوەی رۆژێکدا هاووڵاتی پاسپۆرتی بۆ دەردەچێت." 
 
پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى کە جێگەى پاسپۆرتى ئێستا دەگرێتەوە، بەگوێرەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، 17 نیشانەى تایبەتى هەیە بۆ رێگرى لە ساختەکردنى.  
 
پاسپۆرتى عێراق لە پلەى 94ـدایە لە ریزبەندى پاسپۆرتەکانى جیهان، لەکاتێکدا پاسپۆرتى سووریا لە پلەی 95 و پاسپۆرتى ئەفغانستان لە پلەی 96 و کۆتایی ریزبەندییەکەیە.