نەجەف؛ خۆپێشاندان بۆ لەکارلادانی پارێزگار کرا و گرژیی لێکەوتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا خۆپێشاندەران لە نەجەف بەرەو باڵەخانەی پارێزگا بۆ داوای لەکارلادانی پارێزگار چوون، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی گێرەشێوێنی هانی ئەندامانی دەدا دان بە خۆیاندا بگرن و بە دانایی مامەڵە لەگەڵ خۆپێشاندەراندا بکەن.
 
ئەفسەرێک لە بەرەنگاربوونەوەی گێرەشێوێنی لە نەجەف بە ئەندامانی هێزەکەی گوت، "داواتان لێدەکەین دان بە خۆتاندا بگرن و دەستدرێژی نەکەنە سەر هاووڵاتییان، بڵاوەیان پێبکەن بەبێ هیچ شتێکی دیکە، تەنیا ئەو فەرمانانە جێبەجێ بکەن کە لای ئێمەوە دەردەچن".
 
هێزەکان کە پێکدێن لە ئەندامانی سوات و فەوجەکان، هێزیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران بەکارهێنا و پێکدادان روویدا.
 
سەلام مووسەوی، خۆپێشاندەر دەڵێت، "زیاتر لە 14 خۆپێشاندەر رووبەڕووی لێدان بوونەوە، یەکێکیان زەبر بەر چاوی کەوت و یەکێکی دیکەش بە خەنجەر لە پشتی درا. بوونە هۆی زیانگەیاندن بە خەڵک بە شێوەیەکی گەورە".
 
یەعقووب محەممەد هادی، خۆپێشاندەر قسەی بۆ پارێزگاری نەجەف کرد و گوتی، "دەرچووین خۆپێشاندانمان لە دژت کرد و زیاتر لە جارێک سەرکوتتان کردین، زۆر لە گەنجان کەمئەندام بوون و زۆر لە گەنجان چاویان لەدەستدا بەهۆی ئەو سەرکوتکردنە و بەکارهێنانی گولـلە کە لەلایەن هێزەکانتانەوە بوو کە بۆتان ناردین".
 
کشانەوەی خۆپێشاندەران کۆتایی رووداوەکان نەبوو، بەڵکو لەنێو گەڕەکەکاندا شوێنیان کەوتن و ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکردن. ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی حەکیمی گشتی باس لەوە دەکەن لە کاتی شوێنکەوتنیاندا چی روویدا.
 
زەید فەتلاوی، خۆپێشاندەر دەڵێت، "ئۆتۆمبێلێکی جۆری سلڤادۆر لێمان نزیکبووەوە، ئێمە خۆپێشاندەری ئاشتیخوازین و ئاڵای عێراق بەرز دەکەینەوە، دەستدرێژیمان دەکەنە سەر و خۆپێشاندەر دەخەنە نێو ئۆتۆمبێلەکان. ئەمە هاووڵاتییە و تۆ خزمەتکاری لای گەل".
 
پێکدادانەکان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران کۆتاییهات و شەقامەکان بۆ سرووشتی خۆیان گەڕانەوە، بەڵام خۆپێشاندەران هێشتا سوورن لەسەر لەکارلادانی پارێزگاری نەجەف.