ئەمریکا بۆ عێراق: قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزە


رووداو دیجیتاڵ 

لە یەک رۆژدا سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکا داوای هەناردەکردنەوەی نەوت، ناردنی مووچە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن. پشتیوانیش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەردەبڕن.
 
ئەمریکییەکان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی باسی دۆخی ئەمنی و ئاسایشی عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکەیان کردووە. لە شاندەکەی عێراقدا بۆ واشنتن فەریق شوان مەزهەر، جێگری ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگری بەشدارە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پێنتاگۆن، سوودانی و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەختیان لە هەوڵە بەردەوامەکانی هەردوولا "بۆ پاراستنی پێگە سەرەکییەکان لە عێراق لە هەڕەشە ئاسمانییەکان، لەنێویاندا ئاسمانی هەرێمی کوردستان" کردووەتەوە.
 
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە هەمانشێوە ئەندامی شاندەکەیە، بە رووداوی راگەیاند: "هەولێر و هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا گرنگن. سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بۆ ئەمریکا گرنگە." 
 
پشتگیریی ئەمنیی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی شاندی عێراقی بۆ واشنتن بنچینەیی بووە. پێنتاگۆن گرێبەستێکی 550 ملیۆن دۆلاریی لەگەڵ عێراق واژۆ کردووە. بەشێکی بۆ مەشق و راهێنانە بە پێشمەرگە و پەرەدانە بە تواناکانی.
 
گفتوگۆکان تەنیا لە چوارچێوەی بابەتی ئەمنیدا نەماونەتەوە. پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان، هەناردەکردنەوەى نەوت، چارەسەرى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و بەردەوامیی پەیوەندییان، تاوتوێ کراون.

 

 
دیلان غەفوور، سەرۆکى لێژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سوودانیدا کردووە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بلینکن داوای کرد هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە." سوودانى باسی دوو رێگەچارەی بۆ بلینکن کردووە: هەموارکردنى یاساى بودجەى گشتیى عێراق یان هەموارکردنى گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمى کوردستان.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، بلینکن جەختى لەسەر پاراستنی قەوارەى هەرێمى کوردستان و کارکردن بۆ نزیکبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغدا کردووەتەوە. سوودانیش دڵنیایی داوەتێ "بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى بۆ بچوکککردنەوەى هەرێمی کوردستان نییە."

 

 
لە دوو ساڵى رابردوودا دادگەى فیدراڵى چەند بڕیارێکى دەرکردووە. هەرێمى کوردستان بڕیارەکان بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت. لەوانە هەڵوەشاندنەوەى یاسای نەوت و گاز، لابردنى کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمان و بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەران لە بانکە فیدراڵییەکان. 
 
لە کۆبوونەوەى نێوان جۆ بایدن و سوودانیش باسی پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا کرا. 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی، بایدن ''دەستخۆشیی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەری درێژخایەن بۆ ئەو ئاستەنگانەی هەن، لەنێویاندا رێککەوتنی ئەمدواییانە بۆ پێدانی دوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
 
بەگوێرەى رێککەوتنێکى نوێى نێوان هەولێرو بەغدا، حکومەتى فیدراڵى مووچەى دوو مانگى بۆ هەرێمى کوردستان نارد کە یەکەمجارە لە دواى ساڵى 2013 بڕە پارەیەک بەو قەبارەیە بنێرێت، کە زیاتر لە 900 ملیار دینار بوو بۆ هەر مانگێک.

 

ئامادەکردنی: نیاز مستەفا، رێکار عەزیز و هەستیار قادر