بڕیارەکانی یەکەمین کۆبوونەوەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و زنجیرەیەک رێنمایی بۆ باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووریی وڵات دەرکرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی وەزارەتەکان و داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنیان کرا، بە جۆرێک کارنامەی حکومەت لە خزمەت خەڵکدا بێت.
 
سیاسەتی ئابووری و دۆسیەی نەوت
 
زەیدی رێنمایی دا بە داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووریی تۆکمە و دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی. جەختی لەوەش کردەوە پێویستە وەزارەتی نەوت تەنیا لە فرۆشتنی نەوتی خاو نەمێنێتەوە، بەڵکو کار بۆ زیادکردنی بەرهەم و پەرەپێدانی کەرتی نەوت بکات.
 
پەیوەندییەکانی دەرەوە و کارەبا
 
سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دەرەوەی راسپارد پلانێکی خێرا بۆ چالاککردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، ناوچەیی و جیهانی دابنێت. سەبارەت بە کارەباش، فەرمانی دا بە ئامادەکردنی دوو پلان؛ یەکێکیان بۆ چارەسەری خێرای کێشەی کارەبا لەم هاوینەدا و ئەوی دیکەیان بۆ پەرەپێدانی تۆڕی گشتیی کارەبا.

 

 
گواستنەوە و تەندروستی
 
سەرۆکوەزیران رێنمایی دا بە خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و کاراکردنی یاسای دەستەبەری تەندروستی. 
هەروەها وەزارەتی گواستنەوەی راسپارد پەلە بکات لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان) بۆ ئەوەی عێراق بە بازرگانیی جیهانییەوە ببەسترێتەوە.
 
گرنگترین رێنماییە کارگێڕییەکانی سەرۆکوەزیران:
 
● پێویستە وەزیرەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا بکەن.
● لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک لە پۆست و پێکهاتەی وەزارەتەکاندا ناکرێت.
● هەر وەزارەتێک لە ماوەی 30 رۆژدا دەبێت کارە لەپێشینەکانی بۆ نێو کارنامەی حکومەت دیاری بکات.
● بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیرەکان دەبێت تەنیا لە فەرمانبەرانی خودی وەزارەتەکان بێت.
● مامەڵەکردن لەگەڵ باڵیۆزەکان دەبێت بەپێی رێکارە فەرمییەکان و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە بێت.
● هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ پەرلەمان و لیژنە پەرلەمانییەکان بۆ بەهێزکردنی رۆڵی چاودێری بکرێت.
● ئاسانکاریی تەواو بۆ راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بکرێت و رۆتین کەم بکرێتەوە.
● لەپێشینەی کارەکان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ دەستەی دەسپاکی بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان.
● کارکردن بە سیستمی "تاک پەنجەرە" بۆ وەبەرهێنان و دوورخستنەوەی دامەزراوەکان لە ململانێی حیزبی و سیاسی.
● وەزیرەکان دەبێت سەردانی مەیدانی بکەن بۆ ئاگاداربوون لە کێشەی خەڵک و چارەسەرکردنیان.