بڕیار لە کەمکردنەوەی مارەیی لە قەزای قائیمی ئەنبار درا؛ بۆ هاندانی گەنجانە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی خەرجی پێکهێنانی خێزان و کەمبوونەوەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، قایمقامیەتی قەزای قائیم و سەرۆک هۆزەکانی ناوچەکە چەند بڕیارێکیان بۆ کەمکردنەوەی بڕی مارەیی و تێچووی ئاهەنگەکان دەرکرد. قایمقامی قەزاکە دەڵێت: "بڕیارەکان بۆ هەمووان پابەندکەرن."
تورکی محەممەد حەلاوی، قایمقامی قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، بەهۆی بەرزیی خەرجی ژیانی هاوژینی و ئەو بارگرانییە داراییەی کەوتووەتە سەر شانی خەڵک، بە رێنمایی پارێزگاری ئەنبار و بە بەشداریی سەرۆک هۆزەکان، بڕیاریان دا کۆتایی بەو "نەریتە قورسانە" بێنن کە ببوونە رێگر لەبەردەم گەنجان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی.
قایمقامی قائیم ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر بڕی مارەیی هیچ سنوورێکی نەبوو، بە جۆرێک هەندێک خێزان داوای 10 بۆ 50 ملیۆن دینار یان 20 بۆ 50 مسقاڵ زێڕیان دەکرد، ئەوەش وایکرد گەنجان نەتوانن ژیانی هاوژینی پێکبهێنن.
حەلاوی گوتی: "لەمەودوا بڕی مارەیی و تێچووی ئاهەنگەکان بۆ سنوورێکی جێگیر کەم دەکرێنەوە. تەنیا مارەیی نییە، بەڵکو تێچووی زۆری خوازبێنی و فرە-ئاهەنگی کە ببوونە مۆدێل و بارێکی گران بۆ زاوا و خێزانەکەی، قەدەخە کران یان کەم کرانەوە."
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکانی هۆزەکان، بڕی مارەیی بە یەک ملیۆن دیناری عێراقی جێگیرکراوە. سەبارەت بە زێڕیش بڕیاردراوە کە "پێشەکی" 4 مسقاڵ و "پاشەکی"یش 8 مسقاڵ زێڕ بێت.
ئەم بڕیارانە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی هۆزی (ئەلبو مەحەل) و بە بەشداریی هۆزەکانی (مەحامدە، لەهێد و بەشێک لە موشاهەدە) لە قەزای قائیم دراون. قایمقامی قائیم دەڵێ، ئەو وەک لایەنی کارگێڕی و وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیش بەشدار بووە بۆ ئەوەی بڕیارەکان رەهەندی یاسایی و کۆمەڵایەتییان هەبێت.
تێچووی پرسەش کەم دەکرێتەوە
جگە لە بابەتی هاوژینی، رێککەوتنە نوێیەکە رێوڕەسمی پرسەیشی گرتووەتەوە. تورکی محەممەد حەلاوی گوتی، چەند بڕگەیەک بۆ سووککردنی تێچووی پرسەکان دانراون کە لە رۆژانی داهاتوودا دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.
رێککەوتنەکە لە 14ی ئایارەوە واژۆ کراوە. قایمقامی قائیم گوتی، "یەکەم کەس کە ئەم بڕیارانە جێبەجێ دەکەن، شێخ و پیاوماقووڵانی عەشیرەتەکانن."
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ رووداو، حەلاوی وەک پەیامێکی کەسی گوتی: "ئەم خەڵکە کەسوکاری ئێمەن. من خۆم یەکەم کەس دەبم کە لە کاتی هاوژینیی کوڕەکەمدا ئەم بڕیارانە جێبەجێ دەکەم." هیوایشی خواست ئەم ئەزموونەی قائیم بۆ تەواوی پارێزگای ئەنبار بگوازرێتەوە.