بەدواداچوونی رووداو؛ رادەستکردنی نەوت لەسەر رێککەوتن لەبارەی داهات وەستاوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو راوێژکاری هەرێمی کوردستان بۆ پرسیارکردن لەبارەی مادە یاساییەکانی رادەستکردنی داهات لەگەڵ ئەنجوومەنی دەوڵەت لە بەغدا کۆدەبنەوە، کە بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ئەگەر هەیە بەمزووانە کارەکانیان تەواو بکەن. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، رادەستکردنی نەوت چاوەڕێی رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەولێر و بەغدایە لەبارەی رادەستکردنی داهاتی نانەوتییەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی دەوڵەت لە بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی پرسی داهاتە نانەوتییەکان کۆدەبنەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "دوو راوێژکار لە وەزارەتی دارایی و داد بەشدار دەبن، بانگهێشتکردنیان بۆ پرسیارکردنە لەبارەی پاساوە یاساییەکانیان لەبارەی رێژەی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو."
هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردبوو 50%ـی داهاتی رسوومات و باجی دامەزراوە فیدراڵییەکان و دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات، بە پشتبەستن بە یاسای کارگێڕى دارایی عێراق، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای 100%ـی رسوومات و 50%ـی زۆرینەی داهاتەکانى دیکە دەکات.
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "بانگهێشتکردنی دوو نوێنەرەکەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە ئەنجوومەنی دەوڵەت لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە بدات کە بۆچوونی ئەوانیشی لەبارەی ئەو پرسە وەرگرتووە، وەک چۆن بۆچوونی نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵی وەردەگرێت. ئەوە ئەگەرێکی دوورە کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت راپۆرتەکەی خۆی لەو بارەیەوە پێشکێش بە حکومەت بکات."
9ی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت وەربگرێت لەبارەی ناکۆکییەکی یاسایی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی و رێژەکەی.
کەریم خەسباک، سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت، بەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دۆسیەیەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆمان هاتووە ناتوانین باسی بکەین و بەگوێرەی یاسای ئەنجوومەنەکەمان دەبێت بە نهێنی بهێڵرێتەوە. هەرکاتێک کارەکانمان تەواو بوو، ئەنجامەکەی رادەگەیێندرێت و تاوەکو ئێستە نەگەیشتووینەتە هەنگاوی کۆتایی و رەنگە بەم نزیکانە کارەکەمان تەواو بێت."
رێککەوتن لەسەر رێژەی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو یەکێکە لە بەربەستەکانی بەردەم رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی ناردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز و دواتری هەرێمی کوردستان.
مەرجێکی سەرەکیی دیکەی بەغدا، بۆ بەردەوامیی ناردنی مووچە، رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە کە بڕەکەی بە 230 هەزار بەرمیلە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا دەستی کەوتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رادەستکردنی نەوت چاوەڕێی رێککەوتنی کۆتاییە لەبارەی داهاتی نانەوتی.