عەدنان زورفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت راسپێردرا
رووداو - هەولێر
رۆژی سێشەممە 17-03-2020 د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بە فەرمی عەدنان زورفی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسری لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهێنانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپارد.
دوێنێ دووشەممە باس لەوە دەکرا کە عەدنان زورفی گەیشتووەتە کۆشکی سەلام لە بەغدا بۆ ئەوەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رابسپێردرێت.
عەبوود عیساوی ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆککۆمار داوای لە عەدنان زورفی کردووە کە بچێت بۆ کۆشکی سەلام".
ناسنامەی عەدنان زورفی:
عەدنان عەبد خزەیر عەباس مەتر زورفی
ساڵی 1966 لە نەجەف لە دایکبووە
لە 1983 پەیوەندیی بە حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە کردووە
بەکالۆریۆسی لە کۆلیژی فقهـی زانکۆی کوفە تەواو کردووە
ماستەری لە زانکۆی کوفە بەدەست هێناوە
لە 2004-2005 پارێزگاری نەجەف بووە
ساڵی 2006 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف بووە
لە 2006-2009 لە وەزارەتی ناوخۆ بریکاری یاریدەدەر بووە بۆ کاروباری هەواڵگری
لە 2009-2015 پارێزگاری نەجەف بووە
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی وەفای عێراقییە
سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسرە لە پەرلەمانی عێراق