راپۆرتێک: ئیسرائیل بۆ زیاتر لە ساڵێک دوو بنکەی سەربازی لە رۆژئاوای عێراق هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) دەڵێ، ئیسرائیل بۆ زیاتر لە ساڵێک، دوو بنکەی سەربازیی نهێنی لە بیابانەکانی رۆژئاوای عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بەکارهێناوە. ئەمەش دوای کوژرانی شوانێکی عێراقی ئاشکرا بوو کە بە رێکەوت چووبووە نزیک یەکێک لەو بنکانە.
نیوەڕۆی 3ی ئاداری 2026، عەوز شەمەری، شوانێکی تەمەن 29 ساڵ، بە پیکابەکەی بەرەو شارۆچکەی نوخەیب لە بیابانی رۆژئاوای عێراق بەڕێکەوت بۆ کڕینی پێداویستیی ماڵەوە. عەوز لە رێگەدا تێبینیی شتێکی نائاسایی کرد: سەرباز، هێلیکۆپتەر و چەندین خێوەت کە لە دەوری رێڕۆیەکی نیشتنەوەی فڕۆکە بوون.
عەوز پەیوەندی بە فەرماندەیی سەربازیی ناوچەکەوە کرد بۆئەوەی پێیان بڵێ چی بینیوە، بەڵام هەرگیز نەگەیشتەوە ماڵەوە. شایەتحاڵەکان دەڵێن هێلیکۆپتەرێک بە ئاسمانی ناوچەکەدا رۆیشتووە و تەقەی لە پیکابەکەی عەوز کردووە تاوەکو بە تەواوی سووتاوە. دوای دوو رۆژ، کەسوکارەکەی تەرمە سووتاوەکەیان دۆزییەوە.
دوو بنکەی ئیسرائیلی لە خاکی عێراق
وەک نیویۆرک تایمز دەڵێ، دۆزینەوەکەی عەوز شەمەری پەردەی لەسەر نهێنییەکی گەورە لادا: عێراق بۆ زیاتر لە ساڵێک شوێنی دوو بنکەی نهێنیی ئیسرائیل بووە. بەرپرسانی باڵای عێراقی و ناوچەکە بە (نیویۆرک تایمز)یان راگەیاندووە کە جگە لەو بنکەیەی عەوز لێی نزیک بووەتەوە، بنکەیەکی دیکەی ئاشکرانەکراویش هەر لە بیابانەکانی رۆژئاوای عێراقدا هەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئیسرائیل لە کۆتایی 2024ەوە دەستی بە ئامادەکاری بۆ ئەم بنکە کاتییانە کردووە تاوەکو مەودای فڕینی فڕۆکەکانی بۆ لێدانی ئێران کەم بکاتەوە. ئەم بنکانە لە جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی 2025دا بۆ سووتەمەنیپێدان، پاڵپشتیی ئاسمانی و چارەسەری پزیشکی بەکارهێندراون.
بێدەنگیی واشنتن و لێدان لە سەروەریی عێراق
خاڵی هەرە جێگەی سەرنج لەم راپۆرتەدا ئەوەیە کە واشنتن لانیکەم لە حوزەیرانی 2025ەوە لە بوونی ئەم بنکە ئیسرائیلییانە ئاگادار بووە، بەڵام بەغدای لێ ئاگادار نەکردووەتەوە. وەعد قەدۆ، پەرلەمانتاری عێراقی، دەڵێت: "ئەمە بێڕێزییەکی روونە بە سەروەریی عێراق و شکۆی گەلەکەی."
دوو بەرپرسی ئەمنیی عێراقی دەڵێن، لە کاتی جەنگدا، واشنتن عێراقی ناچار کردووە ڕادارەکانی بکوژێنێتەوە بە پاساوی پاراستنی فڕۆکە ئەمریکییەکان، ئەمەش وای کردووە سوپای عێراق نەتوانێت چالاکییە بیانییەکان لە خاکی خۆی ببینێت.
ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای عێراق و "هێزە بیانییەکان"
رۆژێک دوای زانیارییەکەی عەوز، فەرماندەیی ناوچەیی عێراق هێزێکی هەواڵگریی رەوانەی ناوچەکە کرد. کاتێک یەکە عێراقییەکان لە شوێنەکە نزیک بوونەوە، لەلایەن هێزی "بیانییەوە" تەقەیان لێ کرا؛ سەربازێکی عێراقی کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون.
کاتێک عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، پەیوەندی بە هاوتا ئەمریکییەکانیەوە کرد، ئەوان رایانگەیاند کە ئەو هێزانە ئەمریکی نین. لێرەوە بۆ بەغدا روون دەبێتەوە کە هێزەکە ئیسرائیلییە. حەسەن فەدعەم، پەرلەمانتاری عێراقی، دەڵێت: "ئەوەی نوخەیب تەنیا یەکێک بوو لەو بنکانەی کە ئاشکرا بوو."
لێکەوتە سیاسی و ئەمنییەکان
حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا بە فەرمی بوونی ئەم بنکانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. لیوا سەعد مەعن، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، عێراق هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەم شوێنانە نییە.
رەمزی ماردینی، پسپۆڕی جیۆپۆلەتیک، هۆشداری دەدات کە ئەم ئاشکرابوونە مەترسیی گەورە بۆ سەر هاوسەنگیی سیاسیی عێراق دروست دەکات و دەبێتە بیانوویەکی بەهێز بۆ میلیشیاکانی نزیک لە ئێران تاوەکو رەتی بکەنەوە چەک دابنێن. ئێستا بنکەکەی نوخەیب چۆڵ کراوە، بەڵام چارەنووسی بنکەی دووەم هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە.
خێزانی عەوز شەمەری ئێستا تەنیا داوای دادپەروەری دەکەن. ئەمیر، ئامۆزای عەوز، دەڵێت: "ئێمە داوا دەکەین حکومەت لێکۆڵینەوە لەم رووداوە بکات؛ دەمانەوێ رێز لە مافی کوژراوەکەمان بگیرێ".