دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک لە دژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی سێشەممە دادگەی باڵای فیدڕاڵی تاوتوێی سکاڵایەک بکات کە لە دژی مادەی 13ـی تایبەت بە هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک کراوە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت: "بەپێی مادەکە کورد زەرەری زۆر دەکات و دەنگێکی زۆری لەدەست دەچێت، جگە لەوەی رەوایەتیدانە بە پڕۆسەی تەعریب."
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی عێراق، بڕیارە رۆژی سێشەممە، 18-7-2023، دادگەکە تاوتوێی سکاڵایەک بکات، کە لەلایەن دوو کەس بەناوەکانی ئاسۆ سدیق بیبای و عەلی محەممەد ئەمین تۆمارکراوە و داوایان لە دادگەکردووە: "مادەی 13ـی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023ـی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018 بە نادەستووری بزانێت."
سکاڵاکە ژمارە 114/فیدڕاڵی/2023ـی هەیە و رۆژی سێشەممە یەکەم دانیشتنی دادگە بۆ ئەو سکاڵایە بەڕێوەدەچێت.
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی مادەی 13، جگە لەوەی دەنگێکی زۆری کورد لە ناوچەکانی چەمچەماڵ و دووز و چەند ناوچەیەکی دیکە دەڕوات و کەمدەبێتەوە، مادەکە رەوایەتی بە تەعریب دەدات، بۆیە ئێمە پێمانوایە ئەو مادەیە لە بەرژوەندیی کەرکووک و دەنگی کورد لەو پارێزگایە نییە و لە داهاتووشدا زیانی زۆری دەبێت."
رۆژی 27-3-2023، پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسندکرد. بەپێی هەمواری نوێی یاسای هەڵبژاردنەکان، سیستمی سانت لیگۆ بە 1.7 دەگەڕێتەوە و هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن و، هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەک یاسایان دەبێت.
لە رۆژی پەسەندکردنی یاساکە، لە راگەیێندراوێکدا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی (دووشەممە، 27-3-2023) دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بوو، بەشێوەیەک تەواوی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکریتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی هاووڵاتییانی شارەکە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شارۆچکەی سەرگەڕان کە دوای ساڵی 1957 لکێندراوە بە کەرکووکەوە دیسانەوە خراوەتەوە سەر پارێزگاکە و مافی دەنگدانیان دەبێت و لە هەموارەکەدا ناویان لەسەر کەرکووک تۆمارکراوە.
لەبارەی ئەو کەسانەی مامەڵەی مادەی 140ـیان کردووە یان کاریان بۆ کردووە، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەوەی مامەڵەی مادەی 140ـی کردووە یان تەنیا مامەڵەی پێشکێشکردووە مافی دەنگدانی هەیە؛ ئەوەی پێش 2003 لە کەرکووک بووە و نفووسی شارەکانی دەرەوەی کەرکووکە بووە و ساڵی 1957 راگوێزراوە، بەڵام فۆڕمی خۆراکی کەرکووکی هەیە مافی دەنگدانی هەیە".
لە یەکێکی دیکەی خاڵەکانی هەمواری یاساکەدا، کە تایبەتە بە کەرکووک ئاماژە بەوەکراوە: "هەموو ئەو هاووڵاتییانەی هێنراونەتە کەرکووک و بە ئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان رەشکراوەتەوە، لادەبرێن و مافی دەنگ دانیان نییە".
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رێگەی دەزگای هەڵبژاردنییەوە سەرجەم ئەو قسانەی رەتکردەوە و وای راگەیاند کە مادەکە بڕگەی خراپی بۆ کورد تێدایە.
مادەی 13ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکان لە 4 بڕگە پێکدێت، بەپێی مادەکە مادەی 35ـی یاسای هەڵبژاردن و هەموارەکانی ژمارە 14ـی ساڵی 2019 هەڵدەوەشێندرێتەوە، کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارتەکانی ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان و نوێنەرانی پێکهاتەکان وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە دەکەن لەسەر بنچینەی:
- هاووڵاتیانی تۆمارکراو لە سەرژمێری ساڵی 1957، جگە لە هاووڵاتیانی ناحیەی زاب و سەرگەڕان، کە لەنێو تۆمارەکە دەبن.
- ئاوارەکان ئەوانەی لیژنەی مادەی 140یان تێپەڕاندووە.
- هاووڵاتیانی دانیشتووی کەرکووک کە بەپێی کۆبۆنی خۆراک دەسەلمێندرێت لەپێش ساڵی 2003ەوە لە کەرکووک نیشتەجێ بوون.
بەپێی مادەکە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دۆزی یاسایی یان کارگێڕی بۆ دیاریکردنی داهاتووی پارێزگاکە نابێت، دەسەڵاتەکانیش بە "دادپەروەرانە" دابەشدەکرێت بەشێوەیەک سەرجەم پێکهاتەکان بەشداردبن تێیدا بەبێ رەچاوکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.