موقتەدا سەدر داوا دەکات پەرلەمان قسەگوتن بە زانایان بە تاوان بناسێنێت
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات، یاسایەک پەسندبکات بۆ قەدەخەکردنی سووکایەتی بە زانایانی ئاینی و داواش دەکات وردبینی لە داڕشتنی هەبێت بۆ ئەوەی نەبێتە "شمشێرێکی دوو سەر"، سەدر هێرشدەکاتە سەر هەندێک لەلایەنەکان و تۆمەتباریان دەکات بەوەی بەرژوەندییان لە گۆبەندی شیعە- شیعەیە.
رۆژی دووشەممە، 17-7-2023، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا لەبارەی ئەو کێشەیەی بەهۆی هێرش و تۆمەتی بەعسیبوون، کە دراوەتە پاڵ باوکی و کیشەکانی ئەمدواییەی نێوان لایەنگرانی رەوتەکەی و حیزبی دەعوە لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئێمە لەبەر دەرگای موحەڕەمیین هەندێک لایەنی دژ بە ئیمامی حوسێن سڵاوی خوای لێ بێت بەتایبەت و ئەهلی بەیت بەگشتی، پەلەیان کرد لە بڵاوکردنەوەی گۆبەندی شیعە-شیعە بەبەکارهێنانی تووندوتیژی و چەک لە دژی هەندێک لە بارەگاکان."
سەدر کە لە سیاسەت دوورکەوتووەتەوە دەڵێت: "ئێمە سەرکۆنەی ئەو کارە دەکەین، هۆشداری دەدەینە باوەڕداران لەو کارانە تێوەنەگلێن، چونکە هەندێک لایەن هەیە دەستبەرداری خوێنڕشتن و بڵاوکردنەوەی گۆبەند بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی دنیایی نابن، نە قسەیەک و نە کردەوەیەک مەڵێن و مەکەن تاوەکو نەگەڕێنەوە بۆ حەوزە، حەوزەش بەو کارە رازی نابێت."
رێبەری رەوتی سەدر لە تویتەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پێشتر هۆشداریی داوە لەوەی شەڕ شەڕی بیروباوەڕ دەبێت، و نابێت شەڕی خوێناوی بێت، دەشڵێت: "ئەگەر یاسایەک پەسند نەکرێت بۆ بەتاوانناساندنی هێرشکردن و قسە گوتن بە زانایان بە ناهەق یان رەخنەی بونیادنەرانە نەبێت، ئەوا رێگەی دیکەمان دەبێت دوور لە تووندوتیژی و کوشتن، ئەوەش لە ئێمە ناوەشێتەوە، جگە لەوەش نیشتمان چیدیکە بەرگەی ئەو کارە نابەرپرسیارانە ناکات."
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی هەندێک هێز و لایەنی سیاسیی پەرلەمانی بۆ ئامادەکردنی ئەو یاسایای ئاماژەی بۆ کردووە، دەڵێت: "ئامادەکارییەکان ئومێد دەدات بە نەهێشتنی هۆکارەکانی ئەو گۆبەندە، سەرباری ئەوەی هەندێک ئەوەیان ناوێت، دەبێت وردبن لە دارشتنی بڕگەکانی ئەو یاسایە، ئەگەر دەبێتە شمشێرێکی دوو سەر."
ماوەی چەند رۆژێکە زیاتر لە 12 بارەگای حیزبی دەعوە کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، لە چەندین پارێزگا و شاروچکە و قەزای عێراق لەلایەن کەسانێکەوە سووتێنران کە خۆیان بە لایەنگری موقتەدا سەدر دەناسێنن، هۆکاری سووتاندنەکانیش بۆ هێرشی لایەنگرانی حیزبی دەعوە و تۆمەتەکانیان دەزانن، کە تێیدا محەممەد سادق سەدری باوکی موقتەدا سەدریان بە نزیکبوون لە حیزبی بەعس و سەدام حوسێن تۆمەتبارکردبوو.
حیزبى دەعوە سەرسوڕمانى خۆى لە وروژاندنى ئەو بابەتە لەم کاتەدا دەربڕیوە و داوا دەکات بەڵگە پێشکێش بکرێت لەبارەى ئەوانەى هۆکار بوون بۆ ئەو "بێڕێزیکردنە" بەرامبەر محەممەد سادق سەدر بۆ ئەوەى رێوشوێنى حیزبى دژیان بگرنەبەر، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکەن، تۆمەتى بێ بەڵگە قبووڵ ناکەن.