هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رەوتی فوراتەین، کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند ئەمشەو لە باڵەخانەی حکومەت لە بەغدا کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت، هەندێک لەو دۆسیانەی لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی دەکەن، پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
 
شەوی دووشەممە، 17-7-2023، عەلی غانمی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی فوراتەین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی بەشی زۆری سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە بەڕێوەدەچێت."
 
سەبارەت بەو بابەتانەی کە بڕیارە کە کۆبوونەوەی ئەمشەوی هاوپەیمانێتییەکە باسبکرێن، ئەو بەرپرسەی رەوتی فوراتەین روونیکردەوە: "ژمارەیەک دۆسییەی گرنگ باسدەکرێن کە بابەتی رۆژن و پەیوەندیی بە وڵاتەوە هەیە لەوانە سەردانەکەی رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سووریا، پرسی واژۆکردنی رێککەوتننامەی نەوتی لەگەڵ ئێران، واژۆکردنی رێککەوتننامەی نەوتی لەگەڵ قەتەر، بابەتی یاسای بودجە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندبوونەکانی و جێبەجێکردنی یاساکە بەشێوەیەکی گشتی، هەروەها بابەتی یاسا گرنگەکانی وەکو نەوت و گاز و کۆمەڵێک پێشنیازی دیکەی یاسا و پڕۆژەیاسا کە هەن، ئەوانە هەموویان لەگەڵ بابەتی دیکەی رۆژ لەو پرسانەن کە ئەمشەو هاوپەیمانێتییەکە تاوتوێیان دەکات."
 
کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە، 16-7-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سووریای کرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، لەماوەی چەند رۆژی رابردووش عێراق ژمارەیەک گرێبەستی گەورەی لەگەڵ چەند وڵاتێک واژۆکرد و بەشێکیان دەست بە جێبەجێکردنیان کران.
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گەورەترین هاوپەیمانێتییە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 10ـی ئۆکتۆبەری 2021ەوە دروستکراوە، جگە لە زۆرینەی لایەنە شیعەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوپەیمانیی سەرەوەریی سوننەکان و چەندین لایەنی دیکە لەخۆدەگرێت و پێکهێنەری حکومەتی نوێی عێراقە، کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات.