HRW: لە مووسڵ لەژێر هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسیدا دانپێدانان لە بەندکراوەکان وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژی 16ی ئەم مانگەی رێکخراوی 'هیومان رایتس وۆچ'، باس لە بەردەوامی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئەشکەنجەدان لە بەندیخانەکانی عێراقدا دەکات و داوای راگرتنی ئەو رێوشوێنانە بەرامبەر بەندکراوەکان دەکات.
راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر بێباکی و خەمنەخواردنی دەسەڵاتدارانی وڵات، لە رێگری و بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی پێشێلکاری، بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدان لە بەندیخانەکانی عێراقدا.
ئەمە یەکەمجار نییە ئەو رێکخراوە هەڵوەستە لەسەر چیرۆکەکانی سزادان و ئەشکەنجەی بەندییەکانی ناو عێراق دەکات، بەڵام ئەمجارە لەگەڵ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەشکەنجەدراوێکی دیکەدا، ئاماژە بەهۆکاری بێباکیی حکومەتی عێراق دەکات، لەبەرامبەر لێپێچینەوە و سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسن لە رێوشوێنەکانی ئەشکەنجەدانی گیراوەکان.
بەڵکیس ویلە، توێژەری یەکەمی تایبەتمەندی عێراق لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا'ی رێکخراوەکە، لە راپۆرتێکدا هەڵوەستەی لەسەر دوا پێشێلکارییەکانی ناو بەندیخانەکانی عێراق کردووە. ئەو بە چیرۆکێک راپۆرتەکەی گێڕاوەتەوە، کە رووداوەکانی ئەشکەنجەدانی ناو بەندیخانەکانی عێراق بەڕوونی ئاشکرا دەکەن.
بەلقیس راپۆرتەکەی ناوناوە "رێگەچارە چییە بۆ وەڵامدانەوەی بێباکییە مەترسیدارەکانی عێراق، لەسەر راگرتنی ئەشکەنجە؟".
ئەنجوومەنێکی بێباک
بەڵکیس دەڵێت دڵم داخورپا کاتێک هاوکارێکم باسی دوایین قوربانیی ئەشکەنجەدانی لە عێراق بۆ کردم، کە چیرۆکەکەی خۆی بۆ گێڕاوەتەوە. من هەمان چیرۆکم لە زاری قوربانییانی دیکەی ئەشکەنجەدانی بەندکراوەکان بیستبوو، لە نێویاندا دووبارەبوونەوەی ناوی هەمان مولازم و رائیدێک کە سەرپەرشتی ئەشکەنجەدانی ئەوانیدیکەیان کردووە و بەشدارییان تێدا کردووە.
نووسەری راپۆرتەکە دەڵێت "من پێشتر ئەو ناوانەم بۆ فایەق زیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی باڵای عێراق ناردووە لە نیسانی 2019دا. دوای ئەوەی ناوەکانم لە زاری قوربانییەکانی پێشووەوە گوێلێبوو، داوامکرد ئەنجوومەنی باڵا لێکۆڵینەوە لە کارەکانیان بکات. لە راستیدا ئێمە لە هیومان رایتس وۆچ بەر لە چەند دەیەیەک راپۆرتمان لەسەر ئەشکەنجەدان لە عێراق ئامادەکردووە، بەڵام تائێستا بەردەوامە".
ویلە بە جۆرێک لە نائومێدییەوە دەڵێت: "بۆیە پێدەچێت هیچ سوود لەوەدا نەبێت کە بەردەوام بین لە داواکردن لە حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی خۆی چارەسەری پرۆگرامی ئەشکەنجەدان و دۆخی نامرۆییانەی بەندیخانەکانی بکات. ئەمە پێویستی بە چارەسەری دەرەکی هەیە. پێویستە پەرلەمانی عێراق رەزامەندی لەسەر پرۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی رێککەوتنی دژە ئەشکەنجەدان بدات".
ئەگەر پەرلەمانی عێراق رەزامەندی لەسەر پرۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی رێککەوتنی دژە ئەشکەنجەدان بدات لەوانەیە ئەوە ببێتە رێگەدان بە تیمی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ سەردانی بەندیخانە عێراقییەکان و راوێژ پێشکێشکردن و هاوکاریی عێراق، بۆ پتەوکردنی پاراستنی بەندکراوەکان لە ئەشکەنجە.
بەڵکیس دەڵێت لە نەبوونی هەنگاوەکانی پەرلەماندا لەو بارەیەوە، دەکرێ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بەئاراستەی پاراستنی کەرامەتی هاونیشتمانییەکانی، هەنگاو بنێت و هەنگاوە ئابڕووبەرەکانی وڵاتەکەی لە بواری ئەشکەنجەدانی گیراوەکاندا، پێچەوانە بکاتەوە".
لە ئێران بووە و بەداعشیان لەقەڵەمداوە
توێژەرەکەی 'هیومان رایتس وۆچ' پاش ئاماژەکردن بەو هەوڵانەی پێشتر بۆ کۆتاییهێنان بەئەشکەنجەی ناو بەندیخانەکانی عێراق ناونی، دێتە سەر باسکردنی چیرۆکی ئەو کەسەی کە نوێترینی نێو زوڵملێکراوەکانی عێراق و چیرۆکەکەی خۆی ئاشکرا کردووە.
توێژەرەکە دەڵێت "ئەو گەنجەی (22 ساڵ)، لە ماوەی رابردوودا پەیوەندی پێوەکردین، بە هاوکارەکەمی گوتووە کاتێک لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا بووە، لە شاری مووسڵ هەڵهاتووە لە سەرەتاکانی 2015، پاش ئەوەی داعش دەستی بەسەر شارەکەدا گرت. رێگەی ئێرانی گرتووەتە بەر بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک، کە چەند ساڵێک بوو پێویست بوو بیکات. دواتر گەڕاوەتەوە مووسڵ لە ئایاری 2017دا. دوای ئەوەی پاش چەند ساڵێک، هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵی شارەکەیان کردەوە بەهاوکاریی سوپای ئەمریکا".
راپۆرتەکە دەڵێت: "سەربازانی عێراق، لە نیسانی 2018دا ئەو گەنجەیان دەستگیرکردووە، بەبێئەوەی فەرمانی دادگایان بۆ دەستگیرکردنی پێ بێت. چەکیان خستووەتە سەر سەری و فەرمانیان پێداوە، دانبەوەدابنێت کە ئەندامی داعش بووە. کاتێک ئەوەی رەتکردووەتەوە، بە لیسێکی بەپێست پێچراو لێیانداوە و دواتر کارەبایان لێداوە، چەندینجار بەبنمیچی ژوورەکانەوە بەدەستبەستراوی هەڵیانواسیووە، بۆ ماوەی پێنج رۆژ هەمان کاریان بەرامبەری دووبارە کردووەتەوە. کاتێک هەر سووربووە لەسەرئەوەی داننەبێت بەئەندامبوونی لە داعش، هەڕەشەیان لێکردووە لەبەرچاوی خۆیدا، دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر دایکی و خوشکەکەی".
چیرۆکی ئەشکەنجەدانی گەنجەکە مووسڵاوییەکە بەردەوام دەبێت "رۆژی پێنجەم کاخەزێکیان خستە بەردەستم بۆ ئەوەی واژۆی بکەم"، لەکاتێکدا ئەو چاوی بەسترابوو، پێیانگووتووە واژووکردنی ئەو کاخەزە بۆ ئەوەیە تا بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە. گەنجەکە دواتر زانیویەتی ئەو کاخەزەی واژۆی لەسەرکردووە، داننانی بەوە تێدابووە کە ماوەی 20 رۆژ پەیوەندی بە داعشەوە کردووە".
"لە نەخۆشخانە، پیاوانی پۆلیس پزیشکەکەیان ناچارکردووە واژووی بەڵگەنامەیەک بکات، کە دەڵێت گەنجەکە ئەشکەنجە نەدراوە، هەرچەندە ئەو چەندین ئاسەواری لێدان بەجەستەیەوە بووە بەتایبەتیش لە رووخساریدا. دواتر بردوویانەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، کە ئەویش ئاسەواری لێدانەکەی پشتگوێخستووە و پێیانگووتووە کە 'هەواڵدەرێکی نهێنی' ئەوی تۆمەتبارکردووە بە دانانی خاڵی پشکنینی داعش لەسەر رێگەی مووسڵ لە 2015دا. ئەو مۆری سنووری ئێران، کەبەسەر پاسپۆرتەکەیەوە بووە، پێشانی دادوەرەکە داوە تا بیسەلمێنی ئەوکات لە مووسڵ نەبووە".
دوای دە هەفتە لە گرتنی گەنجەکە، "پۆلیس گواستوویەتییەوە بۆ نووسینگەی هەواڵگریی و قەڵاچۆکردنی تیرۆر و کۆمەڵگەی بەندیخانەکانی فەیسەڵییە لە رۆژهەڵاتی مووسڵ، کە بە یەکێک لە پێگەکانی ئەشکەنجەدان دادەنرێت". لەبارەی ئەو زیندانەوە گەنجەکە رایگەیاندووە ماوەی ساڵێک لەوێ دەستبەسەر بووە، لە ژوورێکی زیندانەکەدا کە 250 پیاو و گەنجی دیکەی تێدابوون. بەهەموویان یەک ئاودەستیان هەبوو، ئەو ماوەی دوو مانگ جارێک دەیتوانی خۆی بشوات. رێگەی پێنەدرابوو پەیوەندی بە ماڵباتەکەیەوە بکات، ئەو گوتویەتی لەو ماوەیەی لەوێ بووە، چەند جارێک بە بنمیچی ژوورەکانەوە هەڵیانواسیووە".
گواستنەوە بۆ گەیارە
چیرۆکەکە بەردەوام دەبێت و گەنجەکە باسی زیاتر لە بێنەوبەردەی پۆلیس دەکات لە بەرامبەری، "لە ناوەڕاستی 2018دا، پیاوانی پۆلیس گەنجەکەیان بردووەتە ناو خانوویەکی زیانبەرکەوتوو، کە وەک بنکەی دەستبەسەرکردن لە شارۆچکەی گەیارە لە دووری 60 کیلۆمەتر لە باشووری مووسڵ، بەکارهێنراوە. لەوێ بۆ ماوەی پێنج رۆژ هێشتوویانەتەوە لە ژوورێکدا کە لانیکەم 50 پیاو و گەنجی دیکەی تێدابووە". ئەو دەڵێت "پاسەوانەکان هەموو رۆژێک برنج و نیسکیان بۆ بەندییەکان دەهێنا و لەسەر زەوی رۆیان دەکرد، ناچاریان دەکردن خواردنی سەر زەوییەکە بخۆن، بەندییەکان چەند جارێک ناچارکراون بچنە بەر باران و لە نێو قوڕدا، سکەخشکێ بکەن".
ئەو زیاتر گوتویەتی "پیاوانی پۆلیس لە کانوونی یەکەمی 2018دا گواستوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی تلکێف کە دەکەوێتە 10 کیلۆمەتر باکووری مووسڵ، فڕێیانداوەتە ناو ژوورێکەوە کە 250 پیاو و گەنجی تێدا بوون". ئەو لە باسی ئەو ژوورەدا گوتویەتی "لە ژوورەکەدا نەماندەتوانی هەموومان پێکەوە و لەیەک کاتدا پاڵبکەوین، لەبەرئەوە بەنۆرە دەخەوتین". ئەو ئاشکراشی کردووە کە "پاسەوانەکان ئاگاداربوون کە دوو ئەندامی پێشووی ئەمن کە بەتۆمەتی تاوان گیرابوون، بەبەردەوامی لە گیراوەکانی دیکەیان دەدا".
لێدانی هێزەکانی سوات
گەنجەکە ئاشکرایکردووە "دەسەڵاتداران، کەسانی باڵقبووی بەندیخانەی تلکێفیان لە حوزەیرانی 2019دا گواستووتەوە و تەنیا ئەو گیراوانە مانەوە، کە منداڵبوون کاتێک بەتۆمەتی ئەو تاوانانە دەستگیرکراون، کە پێشتر ئاراستەیان کراوە". گەنجەکە دەڵێت "ئەو گواستنەوەیە قەرەباڵخی ناو ژوورەکەی کەمکردەوە، بەڵام هێزە تایبەتەکانی 'سوات'ی سەر بە دەزگای قەڵاچۆکردنی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ، لانیکەم شەش جار هاتوونەتە ناو ژوورەکەوە و دەستیان بەلێدانی هەموو گیراوەکان کردووە".
گەنجەکە لە ئابی 2019دا لەلایەن دادگای نەینەواوە دادگاییکرا و شەش ساڵ بەندکردنی بۆ بڕایەوە بەتۆمەتی داعشبوون. لە 3ی شوباتی 2020دا، دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی، بێبەریبوونی ئەوی سەلماندووە و بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی پێشکێشیکردووە، ئازادیکردووە. بەڵگەنامەکان بریتی بووە لە مۆری ئێران بەسەر پاسپۆرتەکەیەوە، لەگەڵ تۆماری تەندروستی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی.
هیومان رایتس وۆچ، پێداچوونەوەی بە چیرۆکی گەنجەکەدا کردووە لە رێگەی فەرمانبەرێکی دادگاکەوە، فەرمانبەرەکە راستیی چیرۆکی گەنجەکەی دووپاتکردووەتەوە.
ئەوەی حکومەتی عێراق نایکات
راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە، دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە پەرلەمان و حکومەتی عێراق، کار بۆ سنوودارکردن و لەناوبردنی ئەو دیاردەیە بکەن، کە راپۆرتەکانی پێشتری هەمان رێکخراو، ئاشکرایانکردووە بەفراوانی لە بەندیخانەکانی عێراقدا، پەیڕەوی لێدەکرێت.
راپۆرتە نوێیەکە دەڵێت "پەرلەمانی عێراق، واژووکردنی یاسای لەناوبردنی ئەشکەنجەی بۆ چەندین ساڵ رەتکردووەتەوە، لە کاتێکدا دەستووری عێراق، ئەشکەنجەدانی قەدەخە کردووە. رەشنووسی یاساکە دەڵێت پێویستە دادوەر بڕیاری ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بدات بۆ هەر گیراوێک کە باسی ئەوە بکات سزادراوە، ئەمە لە ماوەی 24 کاژێر لە ئاگاداربوونەوە لەوەی کەسەکە ئەشکەنجە دراوە، بەڵام زۆرینەی کات ئەم رێوشوێنە پەیڕەو ناکرێت".
هەروەها دەڵێت "بەڵام لەوانەیە پەرلەمانی عێراق ئامادەتر بێت، بۆ واژووکردن لەسەر 'پرۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی رێککەوتنی لەناوبردنی ئەشکەنجە'، کە لەگەڵ خۆیدا، ئەزموون و پشتگیری دەرەوە دەهێنێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو رێوشوێنە هەڵە باوانەی پەیڕەو دەکرێن و بەربڵاون. بەڵام نابێ ئەمە رێگر بێت لەوەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە."
"پێویستە ئەو حکومەتانەی چەندین ساڵە پشتگیری عێراق دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا، لە نێویاندا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، پشتگیری و ئەزموونی پێویست بدەنە بەغدا، لەپێناو بەشداربوونی چالاکانەی حکومەت، لەم قۆناخە یەکلاکەرەوەیەدا، بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی، بۆ قەدەخەکردنی ئەشکەنجەدان. ئەم هەنگاوە پێکهاتەیەکی سەرەکی پرۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی رێککەوتنی لەناوبردنی ئەشکەنجەدانە."
وەک هیومان رایتس وۆچ دەڵێت "پێویستە ئەو دامەزراوە نیشتمانییە، دەسەڵاتی پشکنینی سەرجەم بنکەکانی گرتنی لە عێراقدا هەبێت، هەروەها سیستمێکی کاریگەر دروستبکات بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانی هەڵسوکەوتی خراپ لە بنکەکانی دەستگیرکردندا لە عێراق."
نووسەری راپۆرتەکە لە کۆیاییدا دەڵێت "ئەو رۆژەی عێراق ئەو بڕیارە دەدات، من زانیاری زۆری دەدەمێ لەسەر رووداوەکان تاوەکو ئاگاداریان بێت".