وەزارەتی دارایی عێراق: دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران دەکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "دەبێت مووچە بکرێتە ناوەندی و هەموو فەرمانبەرانی عێراق لە یەک کات و وەکو یەک مووچەیان وەربگرن."
رۆژی یەکشەممە 17-09-2023 وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی دەستیکردووە بە رێوشوێنەکانی پارەدارکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران، دوای تەواوکردنی سەرجەم رێوشوێنەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆسەی رێکخستنی خەرجکردنەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی دارایی داوا لە یەکەکانی خەرجکردن لە سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی ناپەیوەست کردووە، سەردانی یەکەکانی پارەدارکردنی مووچە بکەن.
دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لە کاتێکدایە، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە، سەرەڕای تێپەڕینی 17 رۆژ لە مانگی ئەیلوول.
رۆژی یەکشەممە، 17-09-2023، محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "دەبێت مووچە بکرێتە ناوەندی و هەموو فەرمانبەرانی عێراق لە یەککاتدا و وەکو یەک مووچەیان وەربگرن."
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 17-09-2023 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، دەستیپێکرد. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ئەمڕۆ بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکێک لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکرێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران چووە بەغدا و ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرە باڵای عێراق و پارتە سیاسییەکان کرد. بەشێک لە تەوەری کۆبوونەوەکانیش شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەنێویشیدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو.