محەممەد سامەرایی: جگە لە سوودانی دیاریکردنی کەسێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کارێکی سەختە

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت، جگە لە سوودانی دیاریکردنی هەر کەسێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کارێکی سەخت دەبێت.
 
محەممەد سامەرایی، ئەندام لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، لە بارەی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەشداریکردنی سوودانی لە کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "بەڕێز سوودانی سەرکردەیەکی دیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، ئەمڕۆ یان لە دوو رۆژی داهاتوودا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و سوودانی بەشداری کۆبوونەوەکە دەبێت".
 
گوتیشی بۆ پێکهێنانی حکومەت چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایین، بەڵام دەبێ رێز لە ماوەی یاسایی پێکهێنانی حکومەت بگیرێت.
 
سامەڕایی، کە میوانی بوڵتەنی 16ی تەلەفزیۆنی رووداو بوو، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە گوتی: "دوو دەیەیە پرەنسپی سازان هەیە، گەورەترین فراکسیۆن پێکدەهێندرێت و ئیتر ئەو بڕیار دەدات و سەرۆکوەزیران دیاریدەکات، بەڵام ئەمە دەبێ بە سازان بێت".
 
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، باس لە ساردی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سوودانی دەکرا، لەوبارەوە ئەندامەکەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە رووداوی گوت: "بەڕێز سوودانی لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشدار نەبوو، بەڵام تێیدا ستایشی کارەکانی حکومەت کرا. بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەزانێت کە سوودانی لەو ماوەیەدا چی کردووە".
 
لە ماوەی رابردوودا بە نافەرمی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە چەند دەنگێک دەبیسترا، کە نابێ ئەو کەسەی چوارچێوەکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاریدەکات، کاری سیاسی بکات. محەممەد سامەرایی لەو بارەوە گوتی "پۆستی سەرۆکوەزیران و وەزارەتە سیادییەکان سیاسین، مادەی 72 و 80 دەستوور روونە، نابێ بە رێککەوتنی سیاسی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانە رابگیرێن، ناکرێ رێگری لەوە بکرێت سەرۆکی حکومەت کاری سیاسی بکات، جا سوودانی بێت، یان هەر کەسێکی دیکە".
 
راشیگەیاند: "لە قۆناخی ئێستا سوودانی بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگیشە، چونکە سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بێگومان ئەم سەرکەوتنە بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دەگەڕێتەوە، ئێستا لیستەکەی سوودانی 46 ئەندامی هەیە، بۆیە ئەمە وا دەکات دیاریکردنی هەر کەسێک جگە لە سوودانی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق سەخت بێت"
 
لەبارەی گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، محەممەد سامەرایی رایگەیاند: "هاوپەیمانی کوردستانی نوێنەرایەتیی پێکهاتەیەکی گرنگ دەکەن و کاریگەری خۆیان هەیە، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان دەکەین، دەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی رۆژئاوای عێراقیش بکرێت، بابەتی سازان وادەکات گەورەترین فراکسیۆن پێکبهێندرێت".
 
لەبارەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد وەک جێبەجێکردنی دەستوور و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، سامەرایی بە رووداوی گوت: "سوودانی بەرنامەی کاری خۆی هەیە، دیدگای ئاییندەی هەیە، دەستووریش هەیە کە پێوەی پابەندە، کۆمەڵێک بابەتی گرنگ هەن کە پێویستە کاریان لەسەر بکرێت، رێککەوتنی سیاسی دەکرێت بۆ دەرکردنی یاسا گرنگەکان وەک دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و جێبەجێکردنی مادەی 140 و چۆنیەتی دابەشکردنی داهات بەسەر هەموو وڵاتدا، لەنێویشیدا هەرێمی کوردستان".