هەولێر و بەغدا تاوتوێی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن؛ ناتوانن لە 300 هەزار بەرمیل زیاتر هەناردە بکەن
رووداو دیجیتاڵ
شاندى وەزارەتى نەوتی عێراق و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان چۆنیێتی دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان تاوتوێدەکەن و بڕیارە سەرەتا لە 100 هەزار بەرمیلەوە دەستپێبکرێت تاوەکو دەگاتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە برى ئەو 400 هەزار بەرمیلەى لە هەموارى یاسای بودجە دیاریکراوە. پەرلەمانتارێکیش هۆشداری لە کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان دەدات.
دیاریکردنى 300 هەزار بەرمیل لەبەرئەوەیە کە وەزارەتى نەوتی عێراق رایگەیاندووە، بەهۆى سنووردارکردنى هەناردەى نەوت لەلایەن ئۆپیک پڵەسەوە، ناتوانن لەو بڕە زیاتر نەوت لە هەرێمی کوردستان وەربگرن.
بەگوێرەى رێککەوتنى وڵاتانى ئۆپیک پڵەس بۆ جێگیرکردنى نرخى نەوت، پشکى رێگەپێدراوى عێراق بۆ بەرهەمهێنانى نەوت لە رۆژێکدا، چوار ملیۆن بەرمیلە و نزیکەى 3.5 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات و بڕەکەى دیکە لە ناوخۆدا بەکاردەهێنێت.
کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو هەموارى یاساى بودجە دەکەوێتە وارى جێبەجێکردنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یاساکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەو 60 رۆژەى دیاریکراوە بۆ رێککەوتن لەسەر نرخی دەرهێنانی نەوت، لە رۆژى رادەستکردنی نەوتەکە بە عێراق دەستپێدەکات.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، شاندەکەى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ کە سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە تەکنیکین و لەگەڵ هاوتاکانیان لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى رێکارە کردارییەکانە بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە.
سەرەتا بڕى نەوتى هەناردەکراو زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل دەبێت لە رۆژێکدا و دواتر بڕەکەى زیاد دەکرێت تاوەکو دەگاتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
رۆژی 17ى شوباتى 2025، حەیان عبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، پرۆسەی هەناردەکردن لە ماوەی هەفتەیەکدا دەستپێدەکاتەوە، بەغدا رۆژانە لانیکەم 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت بۆ هەناردکردن، ئەوە لەکاتێکدایە بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، پێویستە هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات.
بەگوێرەى زانیارییەکان هەرێمى کوردستان رۆژانە پێویستى بە 100 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە فەرمى ئەوە بە بەغدا رابگەیێنێت کە ئامادەن 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکەن بۆ ئەوەى ئەگەر 300 هەزار بەرمیل نەوت وەرنەگیرا، نەیکەنە پاساو بۆ بڕینى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان و ئەو کاتە کێشەکە لە ئەستۆى وەزارەتى نەوت دەبێت، نەک هەرێمى کوردستان.
پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسەندکرد، هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، هەموارى یاسای بودجەى گشتى عێراق لە رۆژنامەى وەقائعیى عێراقى بڵاوکرایەوە و بەوەش بەفەرمى کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە.
هەموارەکە تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە. تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە ماوەی 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
دارار سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "یاساکە لە دواى بڵاوبوونەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى دەچێتە وارى جێبەجێکردن، بەڵام ئەو 60 رۆژەى دیاری کراوە ئەوەى هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن لەسەر لایەنێکى راوێژکاری، لە رۆژی رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە دەستپێدەکات.