ئافرەتێک دەڵێ کچی سەدامە و بەنیازە لە پرۆسەی سیاسی بەشدار بێت

رووداو - هەولێر

نانا، ئەو ئافرەتەی بانگەشەی ئەوە دەکات کچی سەدام حوسێن، سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراقە، دەڵێ: بەعسی نیم و بیر لە بەشداربوون لە پرۆسەی سیاسی دەکەمەوە و بۆ ئەم مەبەستە فراکسیۆنێکم پێکهێناوە بەناوی عێراقییە ئازادەکان "ئەلعێراقیون ئەلئەحرار".

نانا، ئێستا دانیشتووی ئەڵمانیایە، دەڵێ کچی شەرعیی سەدام حوسێنە و چەندین ناسنامە و بەڵگەنامەی خستووەتەڕوو کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەو کچی ئافرەتێکە بەناوی سەلما ئەسعەد سەعید و سەدام حوسین سەرۆکی رژێمی پێشووی بەعس لە عێراق، بەڵام کچە گەورەی سەدام حوسێن، کە ناوی رەغەدە لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی ئەو گوتانەی نانای رەتکردەوە.

نانا، لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "من کچی عێراقم، کچی باشوور و باکوورم، بەزۆر لە عێراق دەرچووم و لە ستەمی خێزان هەڵاتم بۆئەوەی نەمکوژن وەک چۆن دایکمیان کوشت... ساجیدە خێروڵڵا تەڵفاح و رەغدی کچی و هاوسەرەکەی حوسێن کامیل کوشتیان و دوای تاوانەکەیان، ئەوکاتە بۆ ئوردن هەڵاتن".

نانا دەشڵێ "نیشتەجێی عێراق بووم و دوای کوژرانی دایکم سەلما ئەسعەد سەعید ئەلدۆسەری لە 16-7-1995 لە عێراق دەرچووم و باوکم ناردمی بۆ سویسرا، چونکە بەهۆی ساجیدە پەرێشانم بوو، چونکە ئەو ستەمکار بوو و هەموو خەڵکی عۆجە ئەوە دەزانن".

نانا ئاشکرای کرد: بیر لە گەڕانەوە بۆ عێراق و بەشداربوون لە پرۆسەی سیاسی دەکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستە فراکسیۆنێکی پێکهێناوە، "کە لە توانای عێراقی ناتایەفەگەری پێکهاتووە و ئامانجی ئاشتیی ئایینییە لەنێوان هەموواندا".

نانا لەبارەی سەددامەوە دەڵێ "سەبارەت بە باوکم ئەو تاجی سەرمە، بەڵام هیچکات سیاسەتی ئەو پەیڕەو ناکەم" و، "سەڕەرای رێزم بۆ حیزبی بەعس، بەڵام نە لە دوور و نە لە نزیک من بەعسی نیم".