قایمقامی روومادی: نزیکەی 200 خێزان لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە ئەنبار


وەرگێڕان: ئاسۆ فیشەگی
رووداو- هەولێر 

قایمقامی شاری روومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق دەڵێت: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 خێزان لە کەمپی هۆلەوە لە سووریاوە گەڕێندراونەتەوە پارێزگای ئەنبار".
 
ئیبراهیم عەوسەج، قایمقامی شاری روومادی ئەمڕۆ دووشەممە 18.4.2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 خێزان لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە چەند شار و شارۆچکەیەکی پارێزگای ئەنبار، بەڵام ئەوەی کە شەرحەبیل عوبێدی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی بەغدادی لە ئەنبار رایگەیاندووە کە گوایە لەگەڵ گەڕانەوەی ئەم خێزانانە ئەندامانی داعش هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی هزری خۆیان، راست نییە".
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە لە ساڵی 2019دا دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعشیان لە بەری رۆژهەڵاتی فورات لە ناوچەی باغۆز لە سووریا کۆنترۆڵکرد؛ هەسەدە ئەوکات کەمپی هۆلی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی تایبەت کرد بە نیشتەجێکردنی کەسوکاری ئەو داعشانەی لە شەڕەکاندا کوژرابوون یان خۆیان رادەستکردبوو؛ هەسەدە دەڵێت: "ئێستا زیاتر لە 60 هەزار کەس لە کەمپی هۆل نیشتەجێن".
 
قایمقامی شاری روومادی گوتیشی: "ئەو خێزانانەی کە لە کەمپی هۆلەوە دەگوازرێنەوە بۆ جەدعە لە رووی دەروونی و هزرییەوە رادەهێندرێنەوە و دواتر بە کاروان دەگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە".
 
شەرحەبیل عوبێدی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار، پێش چەند رۆژێک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کەمپی هۆل بووەتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی هزری رێکخراوی داعش و گوتنەوەی وانەی تیرۆریستی لە کاتێکدا کەمپەکە سەدان گەنجی تێدایە، بۆیە کەمپی هۆلە هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق".
 
بەپێی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تاوەکو ئێستا نزیکەی 450 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گوێزراونەتەوە بۆ بنکەی راهێنانی دەروونی لە جەدعە لە پارێزگای نەینەوا، دوای کۆتاییهاتنی راهێنانیشیان لە جدعەوە دەگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان، بەڵام هێشتا نزیکەی 8 هەزار خێزانی عێراقی دیکە، کە لە نزیکەی 31 هەزار کەس پێکهاتوون لە کەمپی هۆلدا ماون.