ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو: سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە لە ئاسمانی عێراقەوە کرایە سەر سعودیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد لە عێراقەوە کراوەتە سەر سعودیە.
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، جاسم محەممەد بدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە رۆژی 17ـی ئایار کرایە سەر سعودیە.
جاسم محەممەد بدێوی نووسیویەتی: "سەرکۆنەی ئەو هێرشە دوژمنکارانەیە دەکەین کە لە ئاسمانی عێراقەوە شانشینی عەرەبیی سعودیەی کردە ئامانج و جەخت دەکەینەوە کە ئاسایشی سعودیە بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی وڵاتانی کەنداو".
رۆژی 17ی ئایار لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، 3 درۆن تێکشکێندراون دوای ئەوەی لە عێراقەوە چووبوونە ناو سنووری ئاسمانیی وڵاتەکەی و ئاماژەی بەوەش دا کە مافی وەڵامدانەوەی لە کات و شوێنی گونجاودا بۆ خۆی دەپارێزێت.
هەمان رۆژ 3 درۆنی دیکە ئاراستەی ئیمارات کران و یەکێکیان وێستگەی بەراکەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەی بە ئامانج گرت. ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو لەبارەی ئەو هێرشەی ئیماراتەوە رایگەیاند کە ئەنجوومەنەکە هاوکاریی ئەو وڵاتە دەکات لە هەموو ئەو رێکارانەی دەیانگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو دوو هێرشەی سەر ئیمارات و سعودیە رانەگەیاندووە.